ئۆنسەیەک زێڕ 150 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتەوە سەرووی 4,800 دۆلار

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا 3.20٪ یاخود 150 دۆلار بەرزبووەوە و بە 4,811 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ نرخی زێڕ ئاستی 4,853 دۆلاریشی تۆمارکرد.
 
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بۆ رادەستکردنی لە مانگی نیسان، 181 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 4,934 دۆلار.
 
مانگی کانوونی دووەم بۆ کانزا گرانبەهاکان مانگێکی زێڕین بوو؛ نرخی زێڕ لەو مانگەدا بە رێژەی 13% بەرزبووەوە کە ئەوەش گەورەترین بەرزبوونەوەی مانگانەیە لە ساڵی 2009ـەوە، هەروەها نرخی زیویش لە هەمان مانگدا 19% بەرزبووەوە.
 
بەڵام لە پێنجشەممەی هەفتەی رابردووەوە تاوەکو دوێنێ دووشەممە، شەپۆلێکی تووندی دابەزین دەستیپێکرد و ئۆنسەیەک زێر لە ئاستی 5600 دۆلارەوە بۆ 4400 دۆلار دابەزی. هێشتاش بازرگانان ترسیان لە دابەزینی زیاتر هەیە.
 
هۆکاری سەرەکیی دابەزینە توندەکەی پێشوو بۆ بەربژێرکردنی کێڤن وارش لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە بۆ پۆستی سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەمریکا دەگەڕێتەوە. وارش وەک کەسایەتییەکی تووند لە سیاسەتی نەختینەییدا دەبینرێت، ئەمەش وایکرد نرخی دۆلار بەرزببێتەوە و نرخەکانی زێڕ و زیو دابەزن.
 
هاوکات گرووپی (سی ئێم ئی) ئەو کۆمپانیای کە بازاڕی بۆرسەی شیکاگۆ بەڕێوەدەبات، مارجینی مامەڵەکانی لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بەرزدەکاتەوە و بڕیارەکە لە دوێنێ دووشەممەوە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
 
مەبەست لە مارجین ئەو پارەیە کە بازرگانان دایدەنێن بۆ مامەڵەکردنی گرێبەستەکانی داهاتوو.
 
ئەو رێژەیە ئێستا بەرزکراوەتەوە و زۆرێک لە بازرگانان ناتوانن ئەو پارەیە دابین بکەن و بە ناچاری مامەڵەکانیان دەبێت دابخەن، ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی کانزاکان.
 
کایل رۆدا، گەورە شرۆڤەکاری بازاڕ لە کۆمپانیای Capital.com رایگەیاند، "ئەم نرخانەی ئێستا، زێڕ و زیویان گەڕاندەوە بۆ ئەو ئاستەی لە نیوەی دووەمی مانگی کانوونی دووەمدا هەیانبوو." ئاماژەی بەوەش کرد کە بازاڕ بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک بە شێوەیەکی ناعەقڵانی مامەڵەی دەکرد.