دەستلەکارکێشانەوە و ئابڕووچوونی شاهانە: لێکەوتەکانی بڵاوبوونەوەی نوێترین دۆسیەکانی ئێپستین

رووداو دیجیتاڵ

دەسەڵاتدارانی ئەمریکا بەشێکی نوێیان لە بەڵگەنامەکانی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە جێفری ئێپستین، تاوانباری سێکس بڵاوکردەوە.
 
بەڵگەنامەکان ناوی چەندین کەسایەتیی باڵا و دیاری تێدایە، لەوانە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بیل گەیتس هاودامەزرێنەری مایکرۆسۆفت، هاوارد لوتنیك، وەزیری بازرگانی و ریچارد برانسن، ملیاردێری بەریتانی.
 
لەم راپۆرتەدا پوختەی ئەو لێکەوتانە دەخەینەڕوو کە تاوەکو ئێستا بەهۆی بڵاوبوونەوەی بەڵگەنامەکانەوە دروستبوون:
 
شازادەی جێنشینی نەرویج
 
میت-ماریت، شازادەی جێنشینی نەرویج لانیکەم هەزار جار ناوی لەنێو ملیۆنان بەڵگەنامە بڵاوکراوەکەدا هاتووە. خانمە شازادەکە داوای لێبووردنی کردووە بۆ ئەو دۆستایەتییە "شەرمەزارکەرەی" لەگەڵ ئێپستین هەیبووە.
 
ئەو نامانەی لە میدیای نەرویجیدا بڵاوکراونەتەوە، بۆ ساڵانی 2011 تاوەکو 2014 دەگەڕێنەوە. لە یەکێک لە ئیمەیڵەکاندا، شازادە پرسیاری لە ئێپستین کردووە ئایا "گونجاوە ئەگەر دایکێک وێنەی دوو ژنی رووت کە تەختەی شەپۆلسوارییان پێیە، بخاتە سەر شاشەی ئامێرەکانی کوڕە 15 ساڵانەکەی".
 
رۆژی شەممە، میت-ماریت رایگەیاند: "خراپ بڕیارم دا و زۆر پەشیمانم لەوەی پەیوەندیم بە ئێپستینەوە هەبووە"، پەیوەندییەکەشی بە "شەرمەزارکەر" ناو برد.
 
بەگوێرەی کۆشکی شاهانە، شازادە لە ساڵی 2014 پەیوەندییەکانی بڕیوە، چونکە هەستی کردووە ئێپستین "هەوڵدەدات پەیوەندییەکەی لەگەڵ شازادە وەک کارتێک بۆ ناسینی کەسانی دیکە بەکاربهێنێت".
 
ئەم ئابڕووچوونە لە کاتێکی خراپدایە بۆ بنەماڵەی شاهانە، چونکە ماریۆس بۆرگ هۆیبی، کوڕە 29 ساڵانەکەی شازادە، رۆژی سێشەممە لە دادگەی ئۆسلۆ دادگایی دەکرێت. ئەو کوڕە، بە 38 تاوان تۆمەتبار کراوە، لەوانە دەستدرێژی بۆ سەر چوار ژن، هەروەها دەستدرێژیی جەستەیی و تاوانی پەیوەست بە مادەی هۆشبەر. ماریۆس تۆمەتە گەورەکان رەتدەکاتەوە.
 
ئابڕووچوونەکەی شازادەی پێشووی بەریتانیا
 
ئەندروو، شازادەی پێشووی بەریتانیا جارێکی دیکە لەنێو دۆسیە ئابڕووبەرەکانی ئێپستیندا دەرکەوتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە بەڵگەنامە نوێیەکاندا وێنەی بڵاوکراوەتەوە و تێیدا دەردەکەوێت لەسەر زەوی و لەسەر چوارپەل وەستاوە بەسەر ژنێکدا کە لەژێریدا راکشاوە.
 
رۆژی شەممە، لە کۆتایی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ چین و ژاپۆن، کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا پێویستە ئەندروو لە کۆنگرێسی ئەمەریکا شایەتی بدات، گوتی "بەڵێ".
 
مانگی ئۆکتۆبەری پار، شا چارڵزی سێیەم نازناوە شاهانەییەکانی لە براکەی سەندەوە، دوای ئەوەی ڤێرجینیا جیوفری، یەکێک لە قوربانییانی ئێپستین، ئاشکرای کرد کە بازرگانیی پێوە کراوە بۆ ئەوەی سێ جار سێکسی لەگەڵ بکرێت، کە دوو  جاریان تەمەنی 17 ساڵ بووە.
 
راوێژکاری ئاسایشی سلۆڤاکیا
 
رۆبەرت فیکۆ، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی حکومەتەکەی بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێپستین دەستی لەکار کێشایەوە.
 
بەپێی راپۆرتێکی BBC، میرۆسلاڤ لایچاک لە ساڵی 2018 و لە ماوەی دووەم خولی وەک وەزیری دەرەوە، نامەی لەبارەی ژنان لەگەڵ ئێپستین ئاڵوگۆڕ کردووە.
 
فیکۆ لە کاتی راگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەکەی گوتی، حکومەت "سەرچاوەیەکی بێوێنەی ئەزموون و زانیاری لە سیاسەتی دەرەوە" لەدەست دەدات، ئاماژەی بەوەشکرد کە وەزیری پێشوو "بە تەواوی" تۆمەتەکانی رەتکردووەتەوە.
 
سەرۆکی ئۆڵیمپیادی لۆس ئەنجلس
 
کەیسی واسەرمان، سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری ئۆڵۆمپیادی 2028ی لۆس ئەنجلس، رۆژی شەممە داوای لێبووردنی کرد دوای ئەوەی ئیمەیڵە کۆنەکانی لەگەڵ گیسلەین ماکسوێڵ، دۆستە زیندانیکراوەکەی ئێپستین، لە بەڵگەنامەکاندا دەرکەوتن.
 
واسەرمان دەڵێت، ئیمەیڵەکانی ساڵی 2003 لەگەڵ ماکسوێڵ، کە ئێستا حوکمی 20 ساڵ زیندانی بۆ دەرکراوە بەهۆی بازرگانیکردن بە کچانی خوار تەمەنی یاسایی بۆ ئێپستین، پێش ئەوە بووە تاوانەکانی ئاشکرا ببن. ئەو جەختی کردەوە کە "هەرگیز پەیوەندی کار یان کەسیی لەگەڵ جێفری ئێپستین نەبووە" و "زۆر داوای لێبووردن دەکات بۆ هەر جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ هەر یەکێکیان".
 
باڵیۆزی پێشووی بەریتانیا لە ئەمەریکا
 
پیتەر ماندێلسن، کە ساڵی رابردوو بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێپستین لە پۆستی باڵیۆزی بەریتانیا لە واشنتن دەرکرا، رۆژی یەکشەممە وازی لە ئەندامێتی "پارتی کرێکاران" هێنا.
 
بەپێی میدیاکانی بەریتانیا، تۆمارە بانکییەکان دەریدەخەن ئێپستین لە ساڵانی 2003 و 2004 بڕی 75 هەزار دۆلاری بۆ ئەو هەژمارانە ناردووە کە بە ناوی ماندێلسنەوە بوون. ماندێلسن بە BBCـی گوتووە کە هیچ تۆمارێک یان بیرەوەرییەکی نییە لەبارەی ئەو پارەیە.
 
ماندێلسن لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتیی پارتەکەی دەڵێت، دەستلەکار دەکێشێتەوە بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی "شەرمەزاریی زیاتر" بۆ پارتەکەی. لە وێنە نوێیە بڵاوکراوەکاندا، ماندێلسن بە جلوبەرگی ژێرەوە لە تەنیشت ژنێک دەردەکەوێت کە دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا دەموچاویان شاردووەتەوە. ماندێلسن لە مانگی کانوونی دووەمدا داوای لێبووردنی لە قوربانییانی ئێپستین کردبوو.