رووسیا: هیندستان پێی نەگوتووین کڕینی نەوت رادەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا دەڵێت، هیچ پەیامێکی فەرمییان لە هیندستانەوە پێنەگەیشتووە کە ئاماژە بێت بەوەی کڕینی نەوتی رووسیا رادەگرێت. ئەم لێدوانە دوای رێککەوتنێکی بازرگانی لەنێوان هیندستان و ئەمریکا دێت کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە راگەیێندرا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، لە چوارچێوەی رێککەوتنێکدا بۆ کەمکردنەوەی پێناسی گومرگی لەسەر هیندستان، نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، بەڵێنی داوە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ بەردەوامیی جەنگی ئۆکراینا، کڕینی نەوتی خاو لە رووسیا رابگرێت.
لەدوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا لە شوباتی 2022، کڕینی نەوتی رووسیا لەلایەن هیندستانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. هیندستان سوودی لەو داشکاندنە گەورەیە وەرگرتووە کە مۆسکۆ پێشکێشی دەکات، ئەوەش بەهۆی ئەوەی سزاکانی رۆژئاوا کاریگەرییان لەسەر بازاڕی نەوتی رووسیا هەبووە.
ئۆکراینا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ بڕینی ئەو داهاتە ملیاران دۆلارییەی لە فرۆشتنی وزەوە دەست رووسیا دەکەوێت، چونکە بە سەرچاوەیەکی گرنگی دارایی دادەنرێت بۆ ئابووریی رووسیا و پشتیوانیی سوپاکەی.
رۆژی سێشەممە، 3ـی شووباتی 2026، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمیمان لە نیودەلهی-یەوە سەبارەت بەم بابەتە پێنەگەیشتووە."
بەگوێرەی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، پێناسی گومرگی لەسەر کاڵای هیندستان بۆ 18% کەمدەکرێتەوە.
پێشتر ئیدارەی ترەمپ پێناسی گومرگیی بە رێژەی 25% بەسەر ژمارەیەکی زۆر لە بەرهەمەکانی هیندستان سەپاندبوو، هەروەها 25% پێناسی گومرگیشی وەکو سزا بەهۆی کڕینی نەوتی رووسیاوە، بەسەر هیندستان سەپاندبوو.
لە کاتێکدا نارێندرا مۆدی سوپاسی دۆناڵد ترەمپی کرد بۆ پەیوەندییە تەلەفۆنییە "نایابەکە" و بڕیاری کەمکردنەوەی پێناسە گومرگییەکان، لە هیچکام لە راگەیێندراوە فەرمییەکانیدا ئاماژەی بەو بەشەی قسەکانی ترەمپ نەکرد کە باسی راگرتنی کڕینی نەوتی رووسیا دەکات.
لە ساڵی 2024 رووسیا نزیکەی 36%ـی کۆی هاوردەی نەوتی خاوی هیندستانی دابینکردووە، کە رۆژانە دەکاتە نزیکەی 1.8 ملیۆن بەرمیل نەوت و بووەتە گەورەترین دابینکەری نەوت بۆ ئەو وڵاتە.
دوای ئەوەی ئیدارەی ترەمپ پێناسی گومرگیی بەسەر نیودەلهی دا سەپاند، میدیای هیندستان بە پشتبەستن بە داتاکانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی وڵاتەکەیان رایانگەیاند کە هاوردەی مانگانەی نەوت لە رووسیاوە بە رێژەی 38% دابەزیوە.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە سەردانێکیدا بۆ نیودەلهی لە کۆتاییەکانی ساڵی 2025 جەختی لەسەر بەڵێنی "گواستنەوەی بێ پچڕانی" وزە بۆ هیندستان کردەوە و رایگەیاند، پەیوەندییەکانیان ستراتیژین.
ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دوولایەنە لەنێوان رووسیا و هیندستان لە ساڵی 2024-2025 گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی و 68.7 ملیار دۆلاری تێپەڕاند، کە نزیکەی شەش هێندەی ئاستی پێش پەتای کۆرۆنایە. بەشی زۆری ئەم ئاڵوگۆڕە بریتی بوو لە فرۆشی وزەی مۆسکۆ، لە کاتێکدا کۆی هەناردەی هیندستان بۆ رووسیا کەمتر لە 5 ملیار دۆلار بوو.