ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەڵێ، ناردنی مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پشکی هەرێمی کوردستان و داهاتە نانەوتییەکانی تاوتوێ کرد، بڕیاردرا لە دوو هەفتەدا راپۆرتێک لە لایەن لیژنەیەکی هاوبەش لە دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان ئامادە بکرێت. هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا، هەندێک زانیاریی لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ئاشکرا کرد و رایگەیاند، زانیارییەکانی لە خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق وەرگرتووە.
 
پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا گوتی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، بەردەوام دەبن لە ناردنی مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
 
هەڵکەوت عەزیز گوتی، خالید شوانی پێی راگەیاندووە، قسەی لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کردووە لەبارەی مووچەی کانوونی دووەمی 2026ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان؛ پێی گوتووە، هیچ کێشەیەک نییە، چاوەڕێی ئەوە دەکەن حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی جێبەجێ بکات و دوای ناردنی 120 ملیار دینارەکە، مووچەی مانگی یەک دەنێرن.
 
هەڵکەوت عەزیز گوتیشی، وەزارەتی دارایی عێراق چاوەڕێی 120 ملیار دینارەکەیە، چونکە پرسەکانی پەیوەندیدار بە لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە لە وەزارەتی دارایی عێراق تەواو کراون.
 
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەشکرد، رێکارەکان وا دەکەن خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکەوێتە هەفتەی داهاتوو. 
 
ئەوەی کە پەیوەندی بە داهاتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بووە و باسی ئەو پارەیەی کردووە بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە. 
 
هەڵکەوت عەزیز دەڵێ، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، لە ساڵانی 2023،2024 و 2025 نزیکەی 16 تریلیۆن دینار بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە و گوتوویەتی، هەرێمی کوردستان زیاتر لەو پشکەی پێدراوە بۆی دیاری کراوە. 
 
دواتر وەزیرە کوردەکان گوتوویانە، ئەو وردەکارییەی نێو راپۆرتەکەی سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی هەڵەی تێدایە و پێویستە پێداچوونەوەی بۆ بکرێ. 
 
وەزیرە کوردەکان رایانگەیاندووە، حکومەتی عێراق پێش ئەم سێ ساڵە بڕێکی زۆر پارەی نەناردووە و هەربۆیە دەبێ سەیری پرسەکە بە گشتی بکرێ، نەوەک تەنیا ئەم سێ ساڵە.
 
وەک هەڵکەوت عەزیز دەڵێ، پێداگری وەزیرە کوردەکان وایکردووە، بڕیار بدرێ لیژنەیەکی هاوبەش لە دیوانی چاودێریی دارایی عێراق چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان پێکبهێندرێ و لە 2 هەفتەدا راپۆرتێکی دیکەی تێروتەسەل ئامادە بکرێ.
 
هاوکات د.عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کە لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەموو وەزیرە کوردەکان بە تەواوی بەرگرییان لە ماف، قووت و بژێوی هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان کرد."
 
ئەو راوێژکارەی سوودانی ئاماژەی بەوەش کرد، سەرجەم وەزیرەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە "پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە پرسە سیاسییەکان جیابکرێتەوە و فەرمانبەران مووچەکانیان وەربگرن."