هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە راگیراوە


رووداو دیجیتاڵ

دوو سەرچاوەی باڵا لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە لە دوێنێوە بەتەواوی راگیراوە.
 
سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکوور بە رووداوی گوت، "بڕیاری راگرتنی هەناردەی نەوت لەلایەن کۆمپانیاکانی نەوتەوە دراوە."
 
کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان وەزارەتی نەوتی فیدراڵییان راگەیاندووە، بەهۆی ئەم دۆخەی ئێستا لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت، ناتوانن کارەکانیان بەردەوامی پێبدەن و تاوەکو هێوربوونەوەی دۆخەکە کارەکانیان رادەگرن.
 
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت 7 دۆلار بەرزبووەوە و بە 85.06 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی نەوتە لە تەممووزی 2024ـەوە.
 
فراوانبوونی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، کە بووەتە هۆی پەکخستنی گواستنەوەی سووتەمەنی و زیادبوونی مەترسییەکان لەسەر پچڕانی دابینکردنی نەوت و گازی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە.
 
موزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند؛ داخستنی گەرووی هورمز ئاڵۆزییەکی قورسە بۆ ئابووریی عێراق، بەوپێیەی بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بەو رێڕەوە ئاوییە دەبەستێت بۆ هەناردەکردنی نەوت و 94% نەوتەکەی لە رێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە هەناردە دەکرێت.
 
حکومەتی عێراق بۆ پارەدارکردنی مووچەی فەرمانبەران و خەرجیی وەزارەتەکان و پرۆژەکان، پێویستە رۆژانە 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکات.
 
سەرچاوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی، "ئەگەر دۆخەکە تاوەکو 25 رۆژی بەم شێوەیە بەردەوام بێت و نەوت هەناردە نەکرێت، ئەوا کارەساتی ئابووری روودەدات."