شارەزایەکی بازرگانی: داخستنی گەرووی هورمز بازاڕی عێراق و هەرێمی کوردستان تێکدەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

شارەزایەکی بواری گواستنەوەی نێودەوڵەتی رایدەگەیێنێت، داخستنی گەرووی هورمز بازاڕی عێراق و هەرێمی کوردستان تێکدەدات و حکومەتی عێراق ناچار دەکات رێڕەوی بازرگانیی خۆی بەرەو بەندەری مێرسینی تورکیا بگۆڕێت، کە ئەوەش تێچوویەکی زۆرتر و کاتێکی زیاتری دەوێت.
 
ئومێد فاروق عوسمان، بازرگان و شارەزای گواستنەوەی نێودەوڵەتی، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 09:00ی رووداو کە بەختیار عەبدولعەزیز پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "کێشەکە تەنیا ئەوە نییە کە گەرووی هورمز دابخرێت، بەڵکو ئەگەر کرێی گواستنەوەی کەشتییەکان گران بێت، ئەوا کۆمپانیاکان سەرکێشی ناکەن و کەشتییەکانیان نانێرن."
 
بەگوێرەی گوتەی ئەو شارەزایە، لە ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز، عێراق ناچار دەبێت رێگەی بازرگانیی خۆی لە بەندەری ئوم قەسرەوە بگۆڕێت بۆ بەندەری مێرسینی تورکیا و لەوێشەوە بۆ دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو رێگەیە نزیکەی 20 رۆژ زیاتر دەخایێنێت و کرێی هەر کۆنتێنەرێکیش نزیکەی 2,000 دۆلار گرانتر دەبێت.
 
ئومێد فاروق باسی لەوەش کرد، ئێستا 90% بۆ 95%ـی کەلوپەلەکان لە رێگەی بەندەری ئوم قەسرەوە هاوردەی عێراق دەکرێن و رێژەیەکی زۆر کەم لە رێگەی مێرسینەوە دەگەن؛ هاوکات رێگەی بەندەر عەباس لە ئێرانیش داخراوە.
 
ئەو بازرگانە هۆشداری لە تێکچوونی دۆخی دارایی عێراق دا و گوتی: "داخستنی گەرووی هورمز کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر بازاڕ دەبێت، چونکە ئابووریی عێراق بەتەواوی پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە. ئەگەر گەرووەکە دابخرێت، حکومەت ناتوانێت مووچە بدات، بازاڕ تێکدەچێت و بەهای دیناریش بەرامبەر دۆلار دادەبەزێت."
 
سەبارەت بە دەرکەوتنی شوێنەوارەکانی ئەم قەیرانە، ئەو شارەزایە گوتی، ئێستا بەهۆی پشووی سەری ساڵی چینییەوە، هێشتا کاریگەرییەکان بە تەواوی دەرنەکەوتوون و پێشبینی دەکات لە دوو هەفتەی داهاتوودا دەرئەنجامەکان زیاتر روون ببنەوە.
 
ئەم هۆشدارییانە لەکاتێکدان، چوارەم رۆژە هێرشی هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران بەردەوامە و بەو هۆیەشەوە تاران گەرووی هورمزی داخستووە، ئەوەش هاتوچۆی بازرگانیی لە ناوچەی کەنداو پەکخستووە.