داخستنی تەنگەی هورمز؛ 670 کەشتی گیریان خواردووە و بازرگانیی جیهانی پەکیکەوتووە
رووداو دیجیتاڵ
داخستنی تەنگەی ستراتیژیی هورمز دوای شەڕەکەی 28ـی شوبات، بازرگانیی جیهانیی پەکخستووە. بەپێی داتاکانی بلومبێرگ، نزیکەی 670 کەشتیی بارهەڵگر لە دەروازەی رۆژئاوای تەنگەکە گیریان خواردووە؛ ئیمارات، یۆنان و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی گواستنەوەی دەریایی چین، گەورەترین زیانیان بەرکەوتووە.
گەرووی هورمز، کە گرنگترین خاڵی پەڕینەوەیە لە تۆڕی وزە و بازرگانیی جیهانی دا، بووەتە چەقی شەڕی نێوان ئەمریکا - ئیسرائیل و ئێران.
نوێترین راپۆرتەکانی دامەزراوەکانی چاودێریی هاتوچۆی دەریایی و بلومبێرگ، وێنەیەکی "مەترسیدار" بۆ ئابووریی جیهان دەخەنەڕوو. بەهۆی داخستنی تەنگەکەوە، ریزبەستنی ئەو کەشتییانەی لە دەریای کراوەدا چاوەڕێن، بە درێژایی چەندین کیلۆمەتر درێژبووەتەوە.
ئیمارات، یۆنان و چین گەورەترین زیانیان بەرکەوتووە
لە ریزبەندیی ئەو وڵاتانەی کە گەورەترین زیانیان لە گەمارۆی سەر تەنگەی هورمز بەرکەوتووە، ئیمارات لە پێشەوە دێت کە ناوەندی بازرگانیی ناوچەکەیە؛ ئیمارات بە 120 کەشتیی بارهەڵگر و پشکی 18%ـی کۆی هاتوچۆکە، لە چەقی قەیرانەکەدایە.
یۆنان، زەبەلاحی بواری دەریاوانی، بە لانیکەم 75 کەشتییەوە کە 30ـیان تانکەری نەوت و گازن، لە چاوەڕوانییەکی نادیاردایە. هەروەها چینیش بە 74 کەشتی کە 25ـیان کەشتیی گواستنەوەی وزەن، چاوەڕێی رێگەپێدانە بۆ پەڕینەوە.
زەبەلاحە ئابوورییەکانی دیکەی ئاسیاش زیانی گەورەیان بەرکەوتووە؛ ژاپۆن بە 39، سەنگاپوور بە 29، هۆنگ کۆنگ بە 25 و کۆریای باشوور بە 22 کەشتیی ستراتیژی، لە پێشەوەی لیستی ئەو وڵاتانەن کە راستەوخۆ کاریگەریی قەیرانەکەیان لەسەرە.
لە رێڕەوی وزەدا، رێزبەستنی تانکەرە زەبەلاحەکان
تانکەرە زەبەلاحەکان (VLCC) کە خوێنبەری دابینکردنی نەوتی جیهانن، لە رۆژئاوای هورمز "بارمتە" کراون. بەپێی داتاکانی ئێستا، نزیکەی 50 تانکەری زەبەلاحی نەوتی خاو و 11 تانکەری زەبەلاحی گاز لەنگەریان گرتووە. لە دابەشبوونی ئەم کەشتییە ستراتیژییانەدا، تورکیا (14)، کۆریای باشوور (7)، چین (6) و ژاپۆن (6) لە پێشەوەن.
عەبدولقادر ئۆراڵئۆغڵو، وەزیری ژێرخان و گواستنەوەی تورکیا ئاشکرایکرد، لە تەنگەی هورمز 14 کەشتیی تورکیا گیریان خواردووە و گوتی: "3 لەوانە بۆ ئۆپەراسیۆنی جیاواز لەوێن و مۆڵەتی تێپەڕبوونیان نییە. ئەو سێ کەشتییە بۆ هەندێک ئۆپەراسیۆنی تایبەت و بەرهەمهێنانی وزە لەوێن، بەڵام بۆ دەرکردنی 11 کەشتییەکەی دیکە گفتوگۆ دیپلۆماسییەکانمان بەردەوامن."
مەترسیی بەرز و کابووسی دڵنیایی
تەنیا بەربەستی فیزیکی نییە کە بووەتە هۆی وەستانی کەشتییەکان. بەپێی ئاژانسی ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا (UKMTO)، لە سەرەتای شەڕەوە 24 کەشتی لە ناوچەکە راستەوخۆ هێرشیان کراوەتە سەر.
بەهۆی زیادبوونی مەترسییە ئەمنییەکان، تێچووی دڵنیایی دەریاوانی بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا نیگەرانی لە سەلامەتیی گیانی تیمی کەشتییەکان، کۆمپانیاکانی ناچارکردووە پاشەکشە بکەن.
جیاکردنەوەی "وڵاتی دۆست" لەلایەن ئێرانەوە
تاران، رایگەیاندووە کۆنترۆڵی تەواوی تەنگەی هورمزی گرتووەتە دەست و "سیستەمێکی پشکنین و پەڕینەوە"ی دامەزراندووە. بەپێی ئەم سیستەمە نوێیە، ئێران تەنیا رێگە بە پەڕینەوەی کەشتیی ئەو وڵاتانە دەدات کە وەک "وڵاتی دۆست" پێناسەیان دەکات. لە بەرامبەردا هاتوچۆی کەشتییەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی بە تەواوی قەدەخە کردووە.