وێڕای جەنگ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی مونزرییەی خانەقین بەردەوامە

 
رووداو دیجیتاڵ 

وێڕای جەنگ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی مونزرییەی خانەقین بەردەوامە؛ 'داخستنی بازگەی باوە مەحموود و گۆڕینی رێڕۆی بارەکان لە دەروازەی پەروێزخان هۆکاری سەرەکین'. 
 
بۆ حەسەن وەلی، بازرگانێکی خاوەن ئەزموونی 13 ساڵە لە دەروازە سنوورییەکان، جەنگ تەنیا دەنگی تەقینەوە و ململانێی سیاسی نییە، بەڵکو لەرینەوەی تووندی هاوسەنگیی بازاڕ و تێکچوونی بژێوییە. ئەو دەڵێت ئەمجارە کاریگەریی گرژییە سەربازییەکان لەسەر جومگە ئابوورییەکان بە روونی هەستی پێدەکرێت.
 
دەروازەی نێودەوڵەتیی مونزرییە لە خانەقین، کە یەکێکە لە گرنگترین خاڵە سنوورییەکانی نێوان عێراق و ئێران، ئێستا لەژێر سێبەری ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا کاردەکات. سەرەڕای مەترسییەکان، رۆژانە بارهەڵگرەکانی پڕ لە سەوزە و میوە لەم دەروازەیەوە بەرەو بازاڕەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق بەڕێدەکەون.
 
ئامارەکانی نێو دەروازەکە دەری دەخەن کە ململانێ سەربازییەکان بەشێوەیەکی راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەبووە. بەر لە دەستپێکی گرژییەکان، ڕۆژانە نزیکەی 300 بارهەڵگری جۆراوجۆر دەهاتنە نێو خاکی عێراق، بەڵام لەگەڵ چڕبوونەوەی شەڕ و تێکچوونی دۆخی ناوچەکە، ئەو ژمارەیە بۆ کەمتر لە 100 بارهەڵگر دابەزی.
 
حەسەن وەلی، بازرگان لە دەروازەکە بە رووداوی راگەیاند: "هەموو جۆرە بارێکی وەک تەماتە، باینجان، پەتاتە، پرتەقاڵ و کێوی دێت، بەڵام جەنگ هاوسەنگییەکەی تێکداوە."
 
شۆفێرانی بارهەڵگر باس لەوە دەکەن کە لە مانگی رەمەزانی رابردووەوە و لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشەکان، ئاڵوگۆڕەکان بۆ نیوە کەمبووەتەوە.
 
کەڕار جاسم، شۆفێرێکی بارهەڵگرە و دەڵێت: "پێش شەڕ جموجۆڵەکان زۆر باش بوون، بەڵام لەو کاتەوەی هێرشەکان دەستیپێکرد، ئاستی کارکردنمان بۆ نزیکەی نیوە کەمبووەتەوە."
 
هاوکات، رەسوول ئەسەد، شۆفێرێکی دیکە، ئاماژە بەوە دەکات "پێش شەڕ دۆخەکە باشتر بوو. دەزانیت بارودۆخە سەربازییەکان کاریگەرییان دەبێت لەسەر بارکردن و ئاڵوگۆڕی بازرگانی."
 
بەشێکی ئەم قەرەباڵخییە بۆ داخستنی بازگەی باوەمەحموود و گۆڕینی رێڕۆی بارەکان لە دەروازەی پەروێزخانەوە بۆ مونزرییە دەگەڕێتەوە، هەر ئەمەش وایکرد بەم کاتە هەستیارە ئەم خاڵە سنوورییە ببێتە شادەمارێکی گرنگی ئابووری.
 
سەرەڕای ئەوەی هێشتا مەترسییەکانی شەڕ نەڕەواونەتەوە، بەڵام ئامارەکان جۆرێک لە بووژانەوەی سەرەتایی نیشان دەدەن. دوای ئەوەی ژمارەی بارهەڵگرەکان بۆ خوار 100 بار کەمبووەوە، ئێستا ئاستی ئاڵوگۆڕەکە بەرزبووەتەوە بۆ 150 بارهەڵگری رۆژانە.