ئێران بەندەرەکانی پاکستان دەکاتە جێگرەوەی ئیمارات

 
رووداو دیجیتاڵ

لە هەنگاوێکدا بۆ دەربازبوون لە گەمارۆ دەریاییەکان و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە بەندەرەکانی کەنداو، تاران روو لە پاکستان دەکات. وەزارەتی بازرگانیی پاکستان بە فەرمی رێگەی بە ترانزێتی کاڵای وڵاتانی سێیەم دا کە لە رێگەی خاکەکەیەوە بەرەو ئێران بڕۆن، ئەمەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو گوشارە ئابوورییانەی لەلایەن ئەمریکاوە خراونەتە سەر تاران.
 
ساڵانێکی زۆر بوو بەشێکی سەرەکیی هاوردە و ترانزێتی ئێران لە رێگەی بەندەری "جەبەل عەلی" لە ئیمارات بوو، بەڵام بەهۆی توندبوونی ململانێکان لە ناوچەکە و مەترسیی گەمارۆ دەریاییەکان، ئێستا تاران بەندەرەکانی "گوادر، کەراچی و  قاسم" لە پاکستان وەک جێگرەوەیەکی ئارامتر دەبینێت. ئەم رێڕەوە نوێیە لە رێگەی سنوورەکانی "گەبد و تەفتان"ـەوە کاڵا دەگەیەنێتە نێو ئێران.
 
ئەم بڕیارەی ئیسلامئاباد تەنیا رەهەندی ئابووری نییە؛ سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پاکستان لە کاتێکدا دەرگای ترانزێت بۆ ئێران دەکاتەوە، لە پشت پەردەشەوە هەوڵی چڕ دەدات بۆ نێوەندگیری و خاوکردنەوەی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن. 
 
پاکستان کە هاوپەیمانێکی ستراتیژیی ئەمریکایە و دراوسێی ئێرانیشە، نایەوێت ناوچەکە بەرەو جەنگێکی سەرتاسەری بڕوات، بۆیە کار بۆ دروستکردنی هاوسەنگییەک لەنێوان بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئێران و پەیوەندییە سەربازییەکانی لەگەڵ ئەمریکا دەکات.
 
گۆڕینی رێڕەوی بازرگانیی ئێران بۆ پاکستان هەناسەیەکی تازە بە ئابووریی تاران دەدات و زنجیرەی دابینکردنی کاڵا لە مەترسییەکانی ناوچەی کەنداو و دەریای سوور دوور دەخاتەوە کە ئێستا بوونەتە گۆڕەپانی سەرەکیی رووبەڕووبوونەوەی ئێران و ئەمریکا.