میوانێکی مێزی بودجەی رووداو: مووچە هیچ مەترسییەکی لەسەر نەماوە
رووداو دیجیتاڵ
میوانێکی مێزی بودجەی رووداو دەڵێت، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هیچ مەترسییەکی لەسەر نەماوە. پەرلەمانتارێکی پێشووی پەرلەمانی عێراقیش ئاماژە بەوە دەکات کە "بەغدا لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوتی هەرێمی کوردستان نەرمی نواندووە".
ئەمڕۆ دووشەممە 03-06-2024 هەریەک لە سامی ئەترووشی، ئەندامی خولی پێشووتری پەرلەمانی عێراق، شێروان میرزا، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق و هەستیار قادر، ئیدیتۆر لە دێسکی عێراقیی رووداو، میوانی مێزی بودجەی تۆڕی میدیایی رووداو بوون کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی کرد؛ تێیدا تاوتوێی دۆخی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان و خشتەی بودجەی 2024 کرا.
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە و دەنگ بە خشتەى بودجە و خشتەکانی هاوپێچکراو بدات. هەستیار قادر دەڵێت، "ئەم بەیانییە لیژنەی دارایی بێ ئامادەبوونی عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەکە دەنگیان بە خشتەی بودجە داوە".
بەپێی زانیارییەکانی هەستیار قادر، دەسەڵات دراوە بە سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆئەوەی گواستنەوە بە دوو تریلیۆن دینار بۆ پارێزگاکان بکات، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەو گلەییانەی کە پارێزگاکان لەسەر پشکی پەرەپێدان هەیانبوو.
هەستیار قادر گوتی، ''دیار نییە بۆ گواستنەوەکە ئەم دوو تریلیۆن دینارە لە کوێ هەڵدەگیرێت، بەڵام هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە".
پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا لەسەر راسپاردەی هەرێمی کوردستان پێشنیازێکیان بە دەستەوەیە بۆ ئەوەی بەشێک لە بودجەی وەبەرهێنان بگوازرێتەوە سەر بودجەی بەکاربردن کە زیاتر لە تریلیۆنێک دینارە. ئەو ئیدیتۆرەی دیسکی عێراقیی رووداو دەڵێت، ''هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئەو 9.5 تریلیۆن دینارەی بۆ مووچەی ساڵێکی فەرمانبەران دیاریکراوە، لە داهاتوودا کێشە دروست دەکات".
هەستیار قادر گوتی، ''کێشە لە پلەبەرزکردنەوە، دامەزراندنی گرێبەستەکان و یەکەمەکانی زانکۆکان دورست دەبێت" و ئاماژەی بەوەشکرد، پەرلەمانتارانی کورد کاتێک ئەو پێشنیازە دەخەنەڕوو کە دەرگەی گواستنەوە لە نێو خشتەی بودجەدا بکرێتەوە.
کۆی گشتیی بودجەی عێراق بۆ ئەمساڵ 211 تریلیۆن و 861 ملیار و 312 ملیۆن و 504 هەزار دینارە. کۆی گشتیی داهاتی عێراق 147 تریلیۆن و 836 ملیار و 655 ملیۆن و 889 دینارە. کۆی گشتیی بودجەی هەرێمی کوردستان بە 20 تریلیۆن و 910 ملیار و 463 ملیۆن و 950 هەزار دینار دانراوە. ئەم ژمارانەش جیاوازن لە خشتەی بودجەی ساڵی رابردوو.
هاوکات شێروان میرزا، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق سەبارەت بە پێشنیازی گواستنەوەی بەشێک لە بودجەی وەبەرهێنان بۆ خەرجیی بەکاربردن گوتی، "تاوەکو ئێستا بڕی پارەی پێویست بۆ مووچە هەندێک گۆڕانکاری تێدا کراوە و رایگەیاند:''پێشتر 940 ملیار دینار پێویست بوو و ئێستا دوای پلەبەرزکردنەوەی هێزی پێشمەرگە، بووەتە 965 ملیارد دینار. بەڵام بڕیاری دادگەی فیدراڵی بابەتی مووچەی بە تەواوی یەکلایی کردووەتەوە".
بەگوێرەی بڕیارێکی دادگەی فیدراڵیی عێراق، پرسی مووچە بەتەواوی لە پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان جیاکراوەتەوە، ئەگەر نەوتیش هەناردە نەکرێتەوە، حکومەتی عێراق مووچەی هەرێمی کوردستان راناگرێت، بەڵام کۆی داهاتی نێوخۆی لێدەردەکرێت.
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، لە داهاتوودا ژمارەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەگۆڕدرێت و گوتی، ''کەسانێک خانەنشین دەکرێن و کەسانێکیش پلەیان بەرزدەکرێتەوە کە وردەکاریی ئەم ژمارانە کاری وەزارەتی داراییە و ئەگەر کێشەیەک دروست بێت، لە کۆتاییدا هەر وەزارەتەکە لێی بەرپرسیارە".
پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2016ـوە راگیراوە. شێروان میرزا دەڵێت، ''هاوتای دوو پلەبەرزکردنەوە، هەموو فەرمانبەرێک نزیکەی 120 بۆ 150 هەزار دینار مووچەکەی زیاد دەکات، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە دەیزانی بابەتی مووچە لە بەغدا چارەسەر دەبێت، دەبوایە پێشتر بیری لەم بابەتە کردبایەوە، بەڵام گواستنەی بەشێک لە بودجەی وەبەرهێنان بۆ بودجەی بەکاربردن وەک رێگەچارە، کارێکی هەڵەیە".
بۆ بودجەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، 4 تریلیۆن و 954 ملیار و 240 ملیۆن و 172 هەزار دینار تەرخانکراوە.
سامی ئەترووشی، پەرلەمانتاری خولی پێشووتری پەرلەمانی عێراق لەبارەی پێشنیازەکەی پەرلەمانتارانی کورد بۆ گواستنەوە لە بودجەی وەبەرهێنانەوە بۆ بودجەی بەکاربردن گوتی، ''ئەمە زیاتر موزایدەی حیزبی یان پەرلەمانتارەکانە، چونکە ئامانج لە پێشنیازەکە ئەوەیە کە ئەگەر هەموارێک بۆ [زیادکردنی] مووچە کرا، شوێنی بۆ بکرێتەوە و تەنیا بۆ پاراستنی ئەم پارەیەیە.''
پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی بەکاربردن 14 تریلیۆن و 840 ملیار و 223 ملیۆن و 778 هەزار دینارە. ئەو پەرلەمانتارەی پێشووتری پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، ''هەموو ساڵێک بودجەی بەکاربردن و ئەو بڕەی بۆ مووچە خەرج دەکرێت، زیادبووە و موستەحیلە کەم ببێتەوە، بەڵام بودجەی وەبەرهێنان بەردەوام کەم بووتەوە و کەمتر خەرج کراوە.''
سامی ئەترووشی ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە پلەبەرزکردنەوە، خانەنشینکردن و دامەزراندن یان بە هەر هۆکارێکی دیکە زیاد بکات ''زۆر ئاساییە عێراق تریلیۆنێک بۆ دوو تریلیۆنیشی [زیاتر] بۆ خەرج بکات، چونکە مووچەی فەرمانبەران هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە و حکومەت دەبێ پێیەوە پابەند بێت''.
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووتری پەرلەمانی عێراق پێیوایە، گواستنەوەی بەشێک لە بودجەی وەبەرهێنان بۆ سەر بودجەی بەکاربردن ''کارەسات''ـە و رەزامەندی لەسەر نادرێت و رایگەیاند: ''دەبێ زیاتر لە 40٪ـی بودجەی گشتی بۆ وەبەرهێنان بێت کە زۆر جار لە عێراق ناگاتە 20٪ـی بودجەی گشتیش''.
سندووقێک بۆ مووچەی خانەنشینان دانراوە و کەسێک کە خانەنشین دەکرێت، مووچەکەی دەکەوێتە سەر سندووقەکە. شێروان میرزا ئاماژەی بەوە کرد: ''ئێمە لە هەرێمی کوردستان ئەمەمان نییە و کەسێک کە خانەنشین دەکرێت، مووچەکەی دەچێتەوە سەر بودجەی گشتی''.
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی پەرلەمانی عێراق گوتی: ''لە بری گواستنەوەی بودجە لە وەبەرهێنانەوە بۆ خەرجیی بەکاربردن، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە بەو بڕە پارەیەی کە هەیەتی (965 ملیار دیناری مووچە)، ئیدارەی پلەبەرزکردنەوە بدات".
سامی ئەترووشی هۆکاری نەناردنی بودجەی بەکاربردن لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ''گلەیی لە هەرێمی کوردستان هەیە بۆ ئەوەی پابەند نەبووە [بە رادەستکردنی 50٪ـی داهاتی نانەوتی و رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بەپێی یاسای بودجە]، بۆیە ئەگەر هەندێک گواستنەوەش لە بودجەدا بکرێت، حکومەتی عێراق خەرجی ناکات.''
مەلەفی نەوتی هەرێمی کوردستان
بە بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، لە 25ـى ئادارى 2023ـەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا راگیراوە.
بڕی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت ناکۆکی لە نێوان کۆمپانیاکان، بەغدا و هەولێر دروستکردووە، حکومەتی عێراق پێشنیازی نزیکەی 26 هەزار دیناری بۆ کۆی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت و گواستنەوەی بە کۆمپانیاکان کردووە، بەڵام ئەوان داوای 48 هەزار بۆ 50 هەزار دینار دەکەن.
سامان ئەترووشی پێیوایە، ''هێشتا دەرفەتی گەنگەشە و گفتوگۆ ماوە و تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق بڕیاری کۆتایی لەسەر 400 هەزار بەرمیلەکەش نەداوە. راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە بۆری نەوتی جەیهانەوە نییە.''
کۆمپانیاکان گرێبەستی جۆری هاوبەشی بەرهەمهێنانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە. لە کاتێکدا گرێبەستەکانی حکومەتی عێراق گرێبەستی خزمەتگوزارین. شێروان میرزا دەڵێت، ''حکومەتی عێراق بە هیچ جۆرێک ناچێتە ژێرباری ئەو نرخەی کۆمپانیاکان باسی دەکەن، چونکە بەغداش لەگەڵ تورکیا گرێبەستی گواستنەوەی نەوتی لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە هەیە و بۆ گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت دۆلارێک و 9 سەنت دەدات، واتە کێشە تەنیا لە بەرهەمهێنان نییە و لە گواستنەوەشدا هەیە.''
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی پەرلەمانی عێراق جەختی لەوە کردەوە، ''لەوانەیە ئەمە هەر سیاسەتی حکومەتی عێراق بێت بۆ ئەوەی لەم رێگەیەوە بە یەکجاری مەلەفی نەوت لە دەستی هەرێمی کوردستان دەربهێنێت و بیخاتەوە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ.''
شێروان میرزا زیاتر روونی دەکاتەوە، حکومەتی عێراق جۆرێک نەرمی نواندووە بەرامبەر کۆمپانیاکان بەو ئاراستەیەی کە بابەتی گرێبەستەکان، گواستنەوە و بەرهەمهێنانی نەوت بخاتەوە ژێر دەستی خۆی؛ کۆمپانیاکانی نەوتیش بەشی زۆریان رازی دەبن بەو پێشنیازە.