عێراق؛ لە پێنج ساڵدا 20 ترلیۆن دینار بۆ خەرجیی مووچە زیادبووە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ناوەندی "عێراقی داهاتوو" بۆ لێکۆڵینەوە و راوێژکاریی ئابووری دەڵێت، خەرجیی مووچە گەیشتووەتە "ئاستێکی مەترسیدار، بە جۆرێک لە پێنج ساڵدا 50٪ی خەرجیی مووچە زیادبووە".
 
ئەمڕۆ سێی حوزەیران، مەنار عوبێدی، سەرۆکی ناوەندی 'عێراقی داهاتوو' بۆ لێکۆڵینەوە و راوێژکاریی ئابووری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ساڵی 2019ەوە تاوەکو 2024، بڕی 20 ترلیۆن دینار بۆ مووچە زیاد بووە. ئەوەش بە واتای ئەوە دێت، لە پێنج ساڵدا 50٪ بۆ سەر خەرجیی مووچە زیادبووە و ئەمەش بارگرانییەکی گەورەیە لەسەر حکومەت و بودجەکەی."
 
مەنار عوبێدی دەڵێت: "خەرجیی مووچە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار کە کاریگەری کارەساتبار لەسەر دۆخی ئابووریی عێراق دروست دەکات لە داهاتوودا؛ بۆیە پێویستە حکومەت روونکردنەوەی پێویست لەو بارەیەوە بدات و چارەسەر بخاتەڕوو."
 
بە گوتەی عوبێدی، داهات و خەرجیی بودجە لە ساڵانی رابردوودا بەمشێوەیە بووە:
 
ساڵی 2019
 
داهاتی نانەوتی: 8.348 ترلیۆن دینار
کۆی داهات: 107.564 ترلیۆن دینار
خەرجیی بودجە: 40.633 ترلیۆن دینار
 
ساڵی 2022
 
داهاتی نانەوتی: 8.07 ترلیۆن دینار
کۆی داهات: 161.69 ترلیۆن دینار
خەرجیی بودجە: 43.61 ترلیۆن دینار
 
ساڵی 2023
 
داهاتی نانەوتی: 11.25 ترلیۆن دینار
کۆی داهات: 135.68 ترلیۆن دینار
خەرجی بودجە: 47.22 ترلیۆن دینار
 
ساڵی 2024
 
داهاتی نانەوتی: 15.47 ترلیۆن دینار
کۆی داهات: 140.76 ترلیۆن دینار
خەرجی بودجە: 60.05 ترلیۆن دینار
 
سەرۆکی ناوەندی 'عێراقی داهاتوو' بۆ لێکۆڵینەوە و راوێژکاریی ئابووری باس لەوە دەکات: "لە ساڵانی 2019 تاوەکو 2022 کورتهێنان لەنێوان داهات و خەرجیدا نەبوو، بەڵام لە ساڵی 2023 بڕی کورتهێنان سێ ترلیۆن دینار بووە، لە 2024ـدا کورتهێنانەکە بۆ 28 ترلیۆن دینار بەرزبووەوە. بە ئەگەری زۆرەوە لەم ساڵدا کورتهێنان زۆر زیاتر دەبێت."
 
هاوکات د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "زیادبوونی خەرجی مووچەی هەرێمی کوردستان، حەشدی شەعبی و چاودێری کۆمەڵایەتی و چەند خەرجییەکی دیکە لە ساڵی رابردوودا، هۆکاری بەرزبوونەوەی رێژەی خەرجیی مووچە بوون لە بودجەی گشتیدا."
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی گوتی: "حەشدی شەعبی لە شەش ساڵی رابردوودا ژمارەیان لە 120 هەزار ئەندامەوە بۆ 237 هەزار ئەندام بەرزبووەتەوە، ئەوەش بارگرانییەکی گەورەیە لەسەر بودجەی گشتی."
 
سەرچاوەی یەکەم و سەرەکیی داهاتی عێراق نەوتە کە مانگانە زیاتر لە 98 ملیۆن بەرمیل هەناردە دەکات، نرخەکەى بەگوێرەى مانگەکان دەگۆڕێت کە لە ماوەى یەک ساڵى رابردوودا لەنێوان 68 بۆ 72 دۆلار بووە.