جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران: 50 تریلیۆن تمەن وەک شایستەی جووتیاران بۆ گەنمەکەیان خەرج دەکرێ


رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، لە 10 رۆژی داهاتوودا بەشێکی دیکە لە پارەی گەنمی جووتیاران کە 50 تریلیۆن تمەنە (زیاتر لە 555 ملیۆن دۆلار) لە لایەن حکومەتەوە ئامادە و خەرج دەکرێ.
 
رۆژی یەکشەممە، 3ـی ئابی 2025، عەلی نیکزاد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بە رۆژنامەڤانانی گوت، لە کۆبوونەوەیەکدا باسیان لە بابەتی خەرجنەکردنی بەشی زۆری پارەی گەنمی جووتیاران کردووە.
 
عەلی نیکزاد گوتی، بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی کشتوكاڵی ئێران، تاوەکو ئێستا 7 ملیۆن و 200 هەزار تۆن گەنم لەلایەن سایلۆ و ناوەندە حکومییەکانەوە وەرگیراون و بڕی 65 تریلیۆن تمەن (زیاتر لە 722 ملیۆن دۆلار) لە پارەی جووتیارانیش خەرج کراوە.
 
بە گوتەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، دوای ئەو بڕە پارەیەی کە بڕیارە لە 10 رۆژی داهاتوودا خەرج بکرێ، هێشتا حکومەت نزیکەی 30 تریلیۆن تمەن (زیاتر لە 333 ملیۆن دۆلار) پارەی گەنمی جووتیاران قەرزدار دەبێ.
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتی، حکومەت دەتوانێ بۆ خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیاران، پارە لە سندووقی نیشتمانیی گەشەپێدان وەربگرێ و لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕیاردرا لیژنەیەکی هاوبەش بۆ تاوتوێکردنی بابەتەکە پێکبهێنرێ.
 
هاوکات حەمید پوورمحەممەدی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی پلان و بودجەی ئێران دوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ رایگەیاند، لە یاسای بودجەدا مەرجی ئەوە دانراوە کە بۆ هەر جۆرە پارەدانێک پێویستە داهات هەبێت، بۆیە هەر کە داهاتەکان کۆکرانەوە، پارەی جووتیاران خەرج دەکرێت.
 
حکومەتی ئێران بریاری داوە، ئەم ساڵ هەر کیلۆیەک گەنم بە 20 هەزار و 500 تمەن (نزیکەی 25 سەنت) لە جووتیاران بکڕێت. پار، حکومەت هەر کیلۆیەک گەنمی بە 17 هەزار و 500 تمەن (ئەو کات دەیکردە 24.5 سەنت و ئێستا دەکاتە 21 سەنت) لە جووتیاران کڕی.
 
بەگوێرەی پێشبینییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران، ئەم ساڵ بەرهەمی گەنم لەو وڵاتە لە نێوان 10 بۆ 11 ملیۆن تۆن دەبێ کە بەراورد بە پار 30٪ کەمترە. لە کاتێکدا ئێران ساڵانە پێویستی بە 12 ملیۆن تۆن گەنم هەیە.