عێراق و 7 وڵات رێککەوتن مانگی ئەیلوول بەرهەمی رۆژانەیان بە 547 هەزار بەرمیل نەوت زیادبکەن
رووداو دیجیتاڵ
عێراق و 7 وڵاتی دیکەی ئۆپێک پڵەس رێککەوتن لە مانگی داهاتووەوە پێکەوە 547 هەزار بەرمیل نەوت بخەنە سەر بەرهەمی رۆژانەیان. بە گوێرەی بڕیارەکە، لە مانگی داهاتووەوە رۆژانە 4 ملیۆن و 220 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنن.
دوای کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاینی عێراق، سعودیە، رووسیا، ئیمارات، کوێت، کازاخستان، جەزائیر و عومان، رێکخراوی ئۆپێک لە ماڵپەڕی خۆیەوە روونیکردەوە، رێککەوتن بەراورد بەم مانگە، بۆ مانگی داهاتوو، 547 هەزار بەرمیل نەوت زیاتر بخەنە بازاڕەکانەوە.
ئەو وڵاتانە لە کۆبوونەوەکەیاندا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی ئابووریی جیهان "جێگیرە" و بازاڕی نەوت "سەلامەتە"، بۆیە بڕیاریان داوە بەرهەم زیاد بکەن.
ئەم بڕیارە هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی نیگەرانییەکان لە ئەگەری کەمبوونەوەی گەیشتنی نەوتی رووسیا بە بازاڕەکان.
ئەمریکا گوشار لە هیندستان دەکات کڕینی نەوتی رووسیا بوەستێنێت، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ گەڕاندنەوەی مۆسکۆ بەسەر مێزی گفتوگۆ و رازیکردنی بە رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئۆکراینا.
رێکخراوی ئۆپێک پڵەس لە وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک و 10 وڵاتی دەرەوەی ئۆپێک پێکدێت.
وڵاتانی دەرەوەی رێکخراوی ئۆپێک کە نزیکەی نیوەی نەوتی جیهان بەرهەم دێنن، ماوەی چەند ساڵێک بوو بەرهەمی نەوتیان کەم دەکردەوە بۆ ئەوەی نرخی زێڕە رەشەکە دانەبەزێت.
بەڵام لەم ساڵەوە دەستیان بە زیادکردنی بەرهەم کردەوە بۆ ئەوەی پشکی خۆیان لە بازاڕدا بەدەستبێننەوە، ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ داوای لە وڵاتانی ئۆپێک کرد، بەرهەم بە خێرایی زیاد بکەن.
عێراق و حەوت وڵاتەکە لە ئاداری ئەم ساڵ 138 هەزار بەرمیلیان لە رۆژێکدا زیاد کرد، دواتر لە مانگەکانی ئایار، حوزەیران و تەممووز 411 هەزار بەرمیلی دیکەیان زیاد کرد و مانگی ئاب بڕیاریاندا 548 هەزار بەرمیلی رۆژانەی بخەنە سەر.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، نرخی نەوت بە بەرزی ماوەتەوە. رۆژی هەینی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە نزیکەی 70 دۆلار مامەڵەی پێکەوە کرا، لە کاتێکدا لە نیسان لە نزمترین ئاستی ئەم ساڵدا بوو کە بە 58 دۆلار بوو.