لە سۆران خانووی کرێ بە کەمی دەست دەکەوێت

رووداو دیجیتاڵ 

جەمال نزیکەی مانگێکە رۆژانە هاتووچۆی نووسینگەکانی خانووبەرە دەکات، دەیەوێت خانوویێک بەکرێ بگرێت، مەگەر بەنرخێکی بەرز ئەگەرنا دەستی ناوکەوێت. جەمال حەسەن، وەستای کاری چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلە لە شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە چووەتە سۆران.
 
جەمال حەسەن گوتی، "لەم ماوەیە هەموو رۆژێک سەردانی نووسینگەکانی خانووم کردووە و لە هەوڵی پەیداکردنی خانوودا بووم، بەڵام دەستم ناکەوێت، نازانم هۆکار چییە؛ هەر منیش نیم رۆژانە دەیان کەسی وەک من بە دوای خانوودا دەگەڕێن." 
 
گرانی نرخی کەلوپەلی بیناسازی و کەمبوونەوەی دروستکردنی خانوو، بوونی بە ئیدارەی سەربەخۆ و باشتربوونی هەلی کار، لەو هۆکارە سەرەکیانەن ژمارەیەکی زۆری خەڵکی لە نۆرەی دۆزینەوەی خانووی کرێ بن. 
 
حەمید گوانی، خاوەنی نووسینگەیە لە سۆران و دەڵێت، "هیچ کات وەک ئەمساڵ نەبووە خەڵکێکی زۆر داوای خانووی کرێ بکەن و خانووش نەبێت، خانوویەکم لایە بۆ ژیانکردن زۆر خراپە ساڵی رابردوو کرێی مانگانەی 100 هەزار نەدەبوو، ئێستا داوای 300 هەزار دینار دەکات. رۆژانە 50 بۆ 60 کەس دێت بۆ بەکرێگرتنی خانوو، بەڵام نییە تاوەکو بیگرن بە کرێ."  
 
بەپێی دوایین رووپێوی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، ژمارەی ماڵەکانی سنووری ئیدارەی سۆران 65 هەزار و 235 خێزانە، لەوانە شەش هەزار و 337 خێزان کرێنشینن.
 
حکومەت 20 هەزار یەکەی نشتەجێبوون بۆ کرێنشینان دروست دەکات، نزیکەی دوو هەزار و 500 یەکەی بەر سنووری ئیدارەی سۆران دەکەوێت، بەڵام هێشتا 50%ـی کرێنشینان نابنە خاوەن یەکەی نیشتەجێبوونی خۆیان. 
 
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاریی ئیدارەی سۆران بە رووداوی راگەیاند، "لەو 20 هەزار یەکەیە نزیکەی دوو هەزار و 500 یەکە بەر سنووری سۆران دەکەوێت، ئێمە دابەشی سەر قەزاکانمان کردوون، بەپێی ژمارەی دانیشتووان و کرێنشینان، سەرۆکایەتی شارەوانییەکانمان راسپاردووە بۆ دەستنیشانکردنی زەوی و دەستکردن بە کارەکان."
 
ساڵی 2012 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سۆران و چۆمان نزیکەی 300 یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ کەم دەرامەتان دروستکرد، تاوەکو ساڵی 2014 کارەکانیان بە رێژەی 90% تەواوکرا، بەڵام تاوەکو ئێستا 10%ـی کارەکانیان ماون.