کشتوکاڵی سۆران: 80%ی بەرهەمی هاوینەمان بەهۆی وشکەساڵییەوە لەنێوچووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سۆران رایگەیاند، ئەم ساڵ پڕ کێشە بوو بۆ بەروبوومە کشتوکاڵییەکان و بەرهەم لە ناوچەکەیان زۆر کەمی کردووە. باسی لەوەش کرد، "80%ی بەرهەمی هاوینەمان بەهۆی وشکەساڵییەوە لەنێوچووە."
ڕۆژی چوارشەممە 3ی ئەیلوولی 2025 کامەران حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم ساڵ بەگشتی ساڵێکی خراپ و پڕکێشە بوو بۆ بەروبوومە کشتوکاڵییەکان. لە سەرەتای بەهار تەرزەیەکی بەهێز ئیدارەکەمانی گرتەوە کە زیانێکی زۆری بە باخ گەیاند، بەتایبەتی لە ناوچەکانی رواندز، باڵەکایەتی، مێرگەسۆر و ناحیەی مەزنێ."
بە گوتەی کامەران حوسێن، لە وەرزی هاوینیشدا دەرکەوتنی بەشێکی زۆری نیشانەکانی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ئاو لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، یەکێکی دیکە بوو لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی بەرهەمەکان بەگشتی و بەرهەمی هاوینە بە رێژەی 80% کەمی کرد.
ساڵانە بەپێی رۆژژمێری کشتوکاڵی لەکاتی پێگەیشتنی کۆمەڵێک بەرهەمدا، هاوردەکردنیان قەدەخە دەکرێت. بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سۆران گوتی، "پار 7 هەزار و 154 تۆن بەرهەمی باخداریمان هەبووە، وەک خۆخ، قەیسی، هەڵووژە و ئاڵوباڵو، بەڵام ئەم ساڵ نزیکەی سێ هەزار تۆن دەبێت، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی، هەر زوو هاوردەکردنی بەرهەمەکان دەستپێبکات."
ئەم ساڵ بەراورد بە پار، باران کەمتر باریوە، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سۆران گوتی، "ناوچەکەمان یەکێکە لە ناوچەکانی بارانی مسۆگەر کە ساڵانە لە 600 ملیم کەمتر بارانی لێ نابارێت، کەچی ئەم ساڵ نەگەیشتە ئەوەندە، لە چۆمان 400 ملیم و لە مێرگەسۆر 300 ملیم باریوە؛ ئەمەش نیشانەی وشکەساڵییەکی تووندە."
سەبارەت بە بەرهەمی زستانە کامەران حوسێن دەڵێت، بەرهەمی زستانە باش بوو و کەمی نەکرد، چونکە بەشێکی زۆری لە ساڵی 2024ـدا چێندراوە و کاریگەریی وشکەساڵی زۆری لەسەر نەبووە، بەرهەمی زستانەی ئەمساڵمان 23,053 تۆن بووە؛ کە گەنم، جۆ و گەنمەشامیش دەگرێتەوە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی 'پەیمانگەی سەرچاوەکانی جیهان'، پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک لە هەرێمی کوردستان، بەرزترین گوشاری وشکەساڵییان لەسەرە و لە دەیەی داهاتوودا مەترسی و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا زیاتریان تێدا دەردەکەوێت.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، پار 12,412 دۆنم زەوی بە بەروبوومی کشتوکاڵیی هاوینە داچێندرابوو و 31,304 دۆنم زەوی لە سۆران بە بەروبوومی زستانە داچێنرابوو.
لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی سۆران زیاتر لە 250 هەزار دۆنم زەوی هەیە بۆ چاندنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و ساڵانە نیوەی زیاتری بۆ تەماتە، خەیار و بەرهەمەکانی دیکە تەرخان دەکرێت.