بانکی ناوەندیی عێراق خزمەتگوزاریی نوێی گواستنەوەی پارەی لە رێگەی جزدانی ئەلیکترۆنییەوە راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی عێراق دەستپێکردنی خزمەتگوزارییەکی نوێی راگەیاند، کە بریتییە لە گواستنەوەی پارە لە رێگەی جزدانی ئەلیکترۆنییەوە. ئەم هەنگاوە توانای تاک و خاوەنکاران بۆ ئەنجامدانی مامەڵە داراییەکان بە خێرایی و ئاسانیی زیاترەوە زیاد دەکات.
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ی ئەیلوولی 2025ی بانکەکە، خزمەتگوزارییە نوێیەکان بریتین لە:
• گواستنەوەی پارە لەنێوان جزدانە ئەلیکترۆنییەکانی سەر بە دابینکەرە جیاوازەکان.
• گواستنەوەی پارە لە جزدانی کڕیارەوە بۆ جزدانی بازرگانان لەکاتی پرۆسەی کڕیندا.
بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، ئەم هەنگاوە گۆڕانکارییەکی گرنگە بۆ پێشخستنی گشتگیریی دارایی و پشتیوانیکردن لە هەوڵەکانی گۆڕانی دیجیتاڵی؛ هەروەها ئاسانکاری بۆ جووڵەی پارە دەکات و پاڵپشتیی کەرتی بازرگانی دەکات، لەگەڵ فراوانکردنی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای دارایی لە عێراق.