تورکیا هاوردەی نەوتی عێراق زیاد دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی سزاکانی سەر رووسیا، تورکیا هاوردەی نەوتی وڵاتانی دیکەی زیادکردووە، لەوانەش عێراق.
بەپێی دوو سەرچاوەی ئاگادار و چەند سەرچاوەیەکی پیشەسازی، پاڵاوگەی 'ستار' لەمدواییانە چوار بارهەڵگری نەوتی خاوی لە عێراق، کازاخستان و وڵاتانی دیکەوە کڕیوە. ستار یەکێکە لە گەورەترین پاڵاوگەکانی تورکیا و کۆمپانیای سۆکاری ئازەربایجانی خاوەندارێتیی دەکات.
ئەو بڕە نەوتەی تورکیا لە وڵاتانی دیکەی جگە لە رووسیا هاوردەی دەکات، بە 77 بۆ 129 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەخەمڵێندرێت. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی سۆکار کەمتر پشت بە نەوتی رووسی دەبەستێت.
بەپێی داتاکانی کپلەر بۆ توێژینەوەی بواری وزە، تورکیا لە مانگی تشرینی دووەمدا بڕی 141,000 بەرمیل نەوتی خاوی عێراقی وەردەگرێت، کە بە بەراورد بە 99,000 بەرمیل لە مانگی تشرینی یەکەم و نزیکەی 80,000 بەرمیل بە تێکڕا لە ئەم ساڵدا، زیاترە. داتاکانی مانگی کانوونی یەکەمیش هێشتا بەردەست نین.
ئەمە لەکاتێکدا دێت بەپێی داتاکانی کپلەر، لە مانگەکانی تشرینی یەکەم و ئەیلوولدا، نزیکەی تەواوی نەوتی خاوی پاڵاوگەی ستار، کە رۆژانە نزیکەی 210,000 بەرمیل بووە، لە رووسیاوە هاوردەکرابوو.
رۆژی 23ـی مانگی رابردوو. یەکێتیی ئەورووپا 19ـەمین پاکێجی سزاکانی سەر رووسیای راگەیاند کە کەرتی وزە و هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتەی کردە ئامانج.
دوو سەرچاوە ئاماژەیان بەوەدا کە یەکێک لەو چوار بارهەڵگرە، نەوتی 'کێبکۆ'ـی کازاخستانییە، کە لە کوالێتیدا هاوشێوەی نەوتی ئۆڕاڵی رووسییە. پاڵاوگەی ستاری سۆکار تەنها یەک بارهەڵگری لەم جۆرە نەوتە کازاخستانییەی ئەم ساڵ هاوردە کردووە و هیچ هاوردەیەکی لە ساڵی 2024دا نەبووە.
دوو سەرچاوەی دیکە باسیان لەوە کرد کە پاڵاوگەیەکی دیکەی سەرەکی تورکیا کە 'توپراش'ـە، کڕینی نەوتی ئۆراڵی رووسی کەمکردووەتەوە و کڕینی جۆرەکانی دیکەی زیادکردووە، لەوانە نەوتی عێراق، بەڵام وردەکاریی زیاتریان ئاشکرا نەکرد.
دوو سەرچاوەکە رایانگەیاند، توپراش، کە خاوەنی دوو پاڵاوگەی گەورەیە لە تورکیا، پێدەچێت بەم زووانە بە تەواوی هاوردەکردنی نەوتی رووسی لە یەکێک لە پاڵاوگەکانی رابگرێت. ئەمەش بۆ ئەوەیە بتوانێت بەردەوام بێت لە هەناردەکردنی سووتەمەنی بۆ ئەورووپا بەبێ ئەوەی مەترسیی سزاکانی بکەوێتە سەر، بەڵام، کۆمپانیاکە لە پاڵاوگەکەی دیکەدا بەردەوام دەبێت لە پاڵاوتنی نەوتی رووسی.
داتاکانی کپلەر ئاشکرای دەکەن تورکیا لە مانگەکانی کانوونی دووەم تاوەکو تشرینی یەکەمدا رۆژانە نزیکەی 669,000 بەرمیل نەوتی خاوی هاوردە کردووە، کە لەو بڕە 317,000 بەرمیل، یان 47%ی لە رووسیاوە بووە.
لە 10 مانگی ساڵی رابردوو، تورکیا رۆژانە 580,000 بەرمیل نەوتی هاوردەکردبوو، لەو بڕە 333,000 بەرمیلی لە رووسیا بووە.
دوای دەستپێکی جەنگی ئۆکراینا و رووسیا لە شوباتی 2022، ئەمریکا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی ژمارەیەک سزایان بەسەر کەرتی نەوتی رووسیادا سەپاند. بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو سزایانە و راکێشانی سەرنجی وڵاتان، بەتایبەت چین و هیندستان، مۆسکۆ بە 10٪ هەزرزانتر لە نرخی بازاڕ، نەوت بەو دوو وڵاتە دەفرۆشێت.
هەرچەندە بەرپرسانی رووسیا دەڵێن، سزاکانی رۆژئاوا بۆ سەر وڵاتەکەیان بەتایبەت کەرتی نەوت نەیتوانیوە زیانێکی وەهایان پێبگەیێنێت، بەڵام بەگوێرەی سەنتەری ستراتیژی بۆ لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە واشنتن دی سییە، تەنیا پار سزاکانی سەر کەرتی نەوتی رووسیا زیانی لانیکەم 100 ملیار دۆلاریی لە ئابووری ئەو وڵاتە داوە.