کۆمپانیای گازی باشوور: بەرهەمهێنانی گاز بە رێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای گازی باشووری سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق زیادبوونێکی بەرچاوی لە بڕی گازی وەبەرهێنراو لە عێراقدا راگەیاند، کە گەیشتووەتە 1750 ملیۆن پێ سێجا. ئاماژەی بەوەشدا 1600 ملیۆن پێ سێجا لەو بڕە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و کارگە پیشەسازییەکان دابین دەکرێت.
شاکر لەعیبی، بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان لە کۆمپانیاکە، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقیی راگەیاند: "پرۆژەکانی وەبەرهێنانی گاز لە پرۆژە ئاڵۆزەکانی پیشەسازی نەوتن و تەواوکردنیان پێویستی بە کاتێکی زۆر هەیە". لەعیبی گوتیشی، "هەوڵە بەردەوامەکان لە ساڵی 2013ەوە تاوەکو ئێستا بوونەتە هۆی زیادبوونێکی بەرچاو لە بڕی گازی وەبەرهێنراو لە وڵاتدا."
ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی: "پێشتر بڕی گازی وەبەرهێنراو لەنێوان 300 بۆ 350 ملیۆن پێ سێجا بووە، بەڵام ئێستا لە ناوچەی باشوور، کە پارێزگاکانی بەسرە، ناسریە و عەمارە دەگرێتەوە، گەیشتووەتە نزیکەی 1750 ملیۆن پێ سێجا."
لەعیبی ئاماژەی بەوەشدا، "ئەم رێژەیە بەرزە و چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵانی داهاتوودا لە چوارچێوەی پرۆژەکانی فراوانکردن و وەبەرهێناندا زیاد بکات بۆ گەیشتن بە ئامانجی نەهێشتنی تەواوەتیی سووتاندنی گاز."
ئەو جەختی لەوە کردەوە، "ناوچەی باشوور ئێستا رۆژانە لە 1500 بۆ 1600 ملیۆن پێ سێجا گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و کارگە پیشەسازییەکان دابین دەکات."
ئەو بەرپرسە ئەوەشی خستەڕوو، "وەزارەتی نەوت پلانێکی ستراتیژی داڕشتووە بۆ وەبەرهێنانی تەواوی گازی بەرهەمهێنراو لە سەرانسەری عێراق، بەتایبەتی لە ناوچەی باشوور وەک گەورەترین بەرهەمهێنەر، بە جۆرێک کە پلانەکە وەبەرهێنانی هەموو گاز تاوەکو ساڵی 2028 لەخۆدەگرێت."
لەعیبی باسی لەوەش کرد، "حکوومەتی ئێستا وەبەرهێنانی گازی کردووەتە کاری لەپێشینە و ماوەی رابردوو بووژانەوەیەکی بەرچاوی لەم سێکتەرەدا بەخۆوە بینیوە لە رێگەی کردنەوەی پرۆژەی نوێ و واژۆکردنی گرێبەستی وەبەرهێنانی گرنگ."
ئاماژەی بەوەشدا، "لە چەند ساڵی داهاتوودا چەندین پرۆژەی دیکە دەخرێنە کار کە رێژەی ئێستای وەبەرهێنان، کە لە 70% تێپەڕیوە، بەرز دەکەنەوە و پێشبینی دەکرێت لە ماوەی داهاتوودا زیاتریش بەرز بێتەوە."