زیو بە نزیکەی 49 دۆلارە


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ دووشەممە نرخی زیو لە نزیکەی 48.80 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک جێگیرە. ئەوەش دوای هەفتەیەک لە ناسەقامگیری و ناجێگیرییەکی زۆر دێت. هەر کیلۆیەکیش، بە 1,568 دۆلارە.
 
وەبەرهێنەران چاویان لە بڕیارەکانی داهاتووی بانکی ناوەندیی ئەمریکا و کاریگەرییەکانی کەمبوونەوەی گرژییەکانی بازرگانیی نێوان ئەمریکا و چینە.
 
هەفتەی رابردوو، بانکی ناوەندیی ئەمریکا رێژەی سووی 0.25٪ کەمکردەوە. جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکەکە جەختی لەوە کردەوە، کەمکردنەوەیەکی دیکە لە مانگی کانوونی یەکەمدا گەرەنتیکراو نییە.
 
ئێستا بازاڕەکان چاویان لە بڵاوکردنەوەی داتا گرنگەکانی ئەمریکایە، لەوانە داتاکانی پەیوەست بە بازاڕی کار و بەرهەمهێنان کە دەکرێت کاریگەرییان لەسەر ئاراستەی سیاسەتی نەختینەیی هەبێت.
 
لە لایەکی دیکە، باشتربوونی پەیوەندییە بازرگانییەکان خواستی لەسەر زیو وەک پەناگەیەکی ئارام کەمکردووەتەوە. لە کۆتایی هەفتەی رابردوو، کۆشکی سپی رایگەیاند کە چین سنووردارکردنی زیادکانی هەناردەکردنی کانزا دەگمەنەکان رادەگرێت و لێکۆڵینەوەکان لەسەر کۆمپانیاکانی سێمی کۆندەکتەری ئەمریکا کۆتایی پێدەهێنێت. 
 
بەرامبەردا ئەمریکا هەندێک پێناسی گومرگی کەمدەکاتەوە و گومرگی 100%ـی لەسەر هەناردەکانی چین هەڵدەوەشێنێتەوە کە ترەمپ پێشتر هەڕەشەی دەکرد بیسەپێنێت بەسەر چین.
 
مانگی رابردوو، نرخی زیو بۆ ماوەیەکی کاتی گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژوو کە 54.51 دۆلار بوو بۆ هەر ئۆنسەیەک. ئەوەش بەهۆی کەمبوونەوەی زیو لە بۆرسەی زیوی لەندەن. پاشان بەهۆی وەگرتنی قازانج لە لایەن وەبەرهێنەرانەوە کەمبووەوە.