بانکی ناوەندیی عێراق: دابەزاندنی بەهای دینار کاریگەریی نەرێنیی دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق وردەکاریی پلانی چاکسازیی بانکی دەخاتەڕوو و دەڵێت، دڵنیایی دراوە کە ئەو بانکانەی لە مامەڵەکردن بە دۆلار بێبەش کراون، دوای تەواوکردنی قۆناخەکانی چاکسازی، دۆخیان ئاسایی دەبێتەوە.
 
لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک شارەزا و پسپۆڕی بواری ئابووری، عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لەبارەی هەنگاوەکان لە کەرتی بانکیدا قسەی کرد و رایگەیاند، "بنیاتنانەوەی کەرتی بانکی کۆڵەکەی سەرەکیی کاری بانکی ناوەندییە لەم قۆناخەدا."
 
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق گوتی، گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیای Oliver Wyman دوای ئەوە هات کە ژمارەیەک بانکی عێراقی لە مامەڵەکردن بە دۆلار بێبەش کران و ئامانج لێی جێبەجێکردنی چاکسازیی ریشەیی و گشتگیرە، بۆ ئەوەی دڵنیایی هەبێت ئەو دامەزراوە بانکییانە پابەندی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان دەبن.
 
عەللاق گوتی، "دڵنیایی هەیە سەبارەت بە گەڕانەوەی ئەو بانکانە بۆ دۆخی ئاسایی خۆیان، ئەوەش دوای ئەوەی قۆناخە داواکراوەکانی چاکسازی تەواو دەکەن."
 
بە گوتەی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، سەرجەم بانکە عێراقییەکان "بەڵگەنامەی چاکسازی"یان واژۆ کردووە و ئەو بانکانەی پابەند دەبن، بەپێی هەنگاوی ورد دەتوانن مامەڵە بە دراوەکانی دیکەوە بکەن و لایەنە نێودەوڵەتییەکانیش لە نزیکەوە چاودێریی بەرەوپێشچوونی دۆسیەی چاکسازییە بانکییەکان دەکەن.
 
سەبارەت بە گۆڕانکارییە تەکنەلۆجییەکان، عەلی عەللاق گوتی، پڕۆژەی "دیناری دیجیتاڵی" لە قۆناخی جێبەجێکردندایە، بەڵام پێویستی بە کات و ژێرخانی تەواوە بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بخرێتە کار.
 
لەبارەی بەهای دراویشەوە، عەللاق جەختی لە پاراستنی سەقامگیریی گشتیی نرخ لەڕێگەی کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان و جێگیرکردنی نرخی فەرمیی دراو کردەوە، کە بە گوتەی ئەو، "سەرکەوتنێکی گەورەی سیاسەتی نەختینەیە."
 
هەروەها هۆشداری دا و گوتی: "دابەزاندنی بەهای دینار کاریگەی نەرێنیی دەبێت لەسەر سەقامگیریی بازاڕ، زیان بە چینێکی فراوانی هاووڵاتییانی خاوەن داهاتی سنووردار دەگەیێنێت و متمانە بە دراوی نیشتمانی لاواز دەکات."
 
پارێزگاری بانکی ناوەندی رایگەیاند، نابێت نرخی دراو وەک ئامرازێک بۆ چارەسەرکردنی کورتهێنانی بودجە بەکاربهێنرێ، بەڵکو دەبێ لەڕێگەی "چاکسازیی هەیکەلی، زیادکردنی داهاتی نێوخۆ، کەمکردنەوەی خەرجییەکان و فرەچەشنکردنی ئابوورییەوە" چارەسەری کورتهێنان بکرێت.