عێراق خەرجییەکانی 5 تریلیۆن زیاتر و داهاتەکانی 23 تریلیۆن دینار کەمترە لە 9 مانگی 2025
رووداو دیجیتاڵ
جیاوازی 9 مانگی 2024 و 2025 بۆ داهات و خەرجییەکانی عێراق دەری دەخات کە ئەم ساڵ کۆی داهاتی عێراق 9 تریلیۆن دینار و کۆی خەرجییەکانی 5 تریلیۆن دینار زیاتر بووە، بە جۆرێک بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی، لە 9 مانگی 2025دا کۆی خەرجییەکان 99.976 تریلیۆن دینار بوون، بەڵام لەهەمان ماوەی 2024دا 94 تریلیۆن دینار بوون.
لەرووی داهاتەوە لە 9 مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا کۆی داهات 168. 91 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام لە 9 مانگی ساڵی رابردوودا کۆی داهات 114 تریلیۆن دینار بووە.
ئەوەی کە پەیوەندی بە خەرجی ئەم ساڵەوە هەیە، 85.478 تریلیۆن دینار بۆ بەکارخستن و 14.497 تریلیۆن دینار بۆ وەبەرهێنان بووە.
لەرووی خەرجییەکانی بەکارخستنەوە، وەزارەتی دارایی بە 19.258 تریلیۆن، وەزارەتی ناوخۆ بە 10 تریلیۆن و ئەنجوومەنی وەزیران بە 5.8 تریلیۆن بەشداری ئەو 99 تریلیۆن دینارەیان کردووە.
لەرووی وەبەرهێنانەوە، لەکۆی ئەو 14.497 تریلیۆن دینارە، 8.909 تریلیۆن دینار بۆ وەزارەتی نەوت بووە لەو 9 مانگەدا.
لەماوەی ئەو 9 مانگەدا لەنێو خەرجییەکانی بەکارخستندا تەنیا ئەوەی وەک مووچە دابەشکراوە گەیشتووەتە 75.3 تریلیۆن دینار، بەشێوەیەک کۆی خەرجییەکان بۆ فەرمانبەران 45.563 تریلیۆن دینار، کۆی هاوکاری و پاداشت و خەرجی دیکە 8.9 تریلیۆن دینار و کۆی مووچەخورانی چاودێری کۆمەڵایەتی 20.9 تریلیۆن دینار بووە.
لەکۆی خەرجکراوی عێراق لەو 9 مانگەدا هەرێمی کوردستان بە رێژەی 8.3٪ بووە، لەکاتێکدا دوایین سەرژمێری رێژەی دانیشتوانەکەی 14.2٪ کۆی عێراق پێکدەهینێت. لەماوەی 9 مانگەکەدا هیچ دینارێکی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان لەرووی وەبەرهێنانەوە خەرجنەکراوە.
لەرووی خەرجی بەکارخستنەوە، لەکۆی 85.478 تریلیۆن دیناری خەرجی بەکارخستنی هەرێمی کوردستان 8.331 تریلیۆن دینار بووە لەم بڕەش 6.2 تریلیۆن دیناری وەک مووچەی فەرمانبەران بووە
بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق، کۆی داهاتەکان لەو نۆ مانگەدا 168. 91 تریلیۆن دینار بووە، کە 81.748 تریلیۆن دینار لە نەوت و 9.419 تریلیۆن دیناری لە نانەوتی بووە، واتە رێژەی 90٪ داهاتی عێراق پشت بە نەوت دەبەستیت و رێژەی 10٪ لە نانەوتییەوە دێت.
بەرزترین بەشداریی داهاتی نانەوتی عێراق لە باجی داخڵکردنی کاڵاکان لە سنوورەکانەوە هاتووە کە 2.5 تریلیۆن دینار بووە.