چاودێری گومرگەکانی سنە: هاوردەکردن لە باشووری کوردستانەوە 68% زیادیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
بە گوتەی چاودێری گومرگەکانی پارێزگای سنە، کۆی هاوردەی 9 مانگی ساڵی رابردوو (21-03-2025 تاوەکو 21-12-2025)، لە باشووری کوردستانەوە بەراورد بە هەمان ماوەی پار 68% زیادیکردووە.
فەرامەرز ئومێدی، چاودێری گومرگەکانی پارێزگای سنە رۆژی شەممە 3-01-2026، بە میدیای فەرمیی ئێرانی گوت، رێژەی هاوردە لە گومرگەکانی پارێزگای سنە لە 9 مانگی ساڵی رابردوو زیاتر لە 184 هەزار تۆن کەلوپەل بە بڕی 592 ملیۆن دۆلار بووە.
بە گوتەی ئومێدی، شمشی زێڕ، شمش و پارچەی ئەلەمنیۆم، مەوزی سەوز، جۆرەکانی مەکینە، مادەی سەرەتایی، پارچەی ئامێرەکانی بەکارهاتوو لە کارگەکانی بەرهەمهێنان و پێداویستییەکانی خەڵکی سەر سنوور، ئەو کەلوپەلانە بوون کە لە هەرێمی کوردستانەوە هاوردەی پارێزگای سنە کراون.
چاودێری گومرگەکانی پارێزگای سنە دەشڵێت، ئەو کەلوپەلانەی کە لە باشووری کوردستانەوە هاوردەمان کردوون، زۆرتر بەرهەمی وڵاتانی عێراق، ئیمارات، چین، هیندستان، تورکیا، ئیتاڵیا و نەمسا (ئوتریش) بوون.
ئومێدی دەڵێت، لەم 9 مانگەدا زیاتر لە ملیۆنێک و 151 تۆن کەلوپەل بە بڕی 580 ملیۆن دۆلار لە سنوورەکانی پارێزگا هەناردە کراون.
پارێزگای سنە 220 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیەو دەروازەی سنووری باشماخ و سەیرانبەن، لەنێوان هەردوولادا کراوەن.