دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق: کۆنترۆڵی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین


رووداو دیجیتاڵ

بەپێی رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق داهاتی 50٪ـی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت رادەستی حکومەتی عێراق بکرێت، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراقیش دەڵێت: بەم نزیکانە رێکار دەردەکەن و کۆنترۆڵی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
 
عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لەگەڵ شاندێک بە سەرۆکایەتیی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان قسەیکردووە لەبارەی داخستنی دەروازە نافەرمییەکان و گوتیشی، بەم نزیکانە رێکار دەگرنەبەر لەبارەی کۆنترۆڵکردنیان بەسەر دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەوەش دوای گرتنەبەری رێکاری یاسایی و چوارچێوە فەرمییەکان.
 
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گومرگی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە هەرێمی کوردستان هیچ دەروازەیەکی نافەرمی نییە، بەڵکو چوار دەروازەی نێودەوڵەتی هەن کە لەگەڵ چوار دەروازەی دیکە، کە ئەوانیش رەزامەندیی حکومەتی عێراقی لەسەر وەرگیراوە. 
 
هەروەها بەڕێوەبەری گومرگی هەرێمی كوردستان لەبارەی هەڵوێستی حکومەتی عێراق لەسەر دەروازەکان رایدەگەیێنێت: شاندی عێراقی هاتوون و بە نووسراوی فەرمی جەختیان لەوەکردووەتەوە، کە ئەو چوار دەروازەیەش لە کارکردن بەردەوام دەبن لەگەڵ چوار دەروازە نێودەوڵەتییەکان، تاوەکو رێکارە یاساییەکان بە فەرمی لە بەغداوە دەردەچن.
 
بەڕێوەبەری گومرگی هەرێمی كوردستان جەختی لەوە کردەوە، بەم نزیکانە هیچ کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق نەکردووە و، هیچ نووسراوێکیشیان لە ئەوانەوە بەدەست نەگەیشتووە. بەڵکو دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ سەر بە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانن و لە رووی ئیدارەییەوە سەر بە دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق نین.
 
عومەر وائیلی لەبارەی داهاتی خاڵە سنوورییەکانی عێراق رایگەیاند، داهاتی ساڵی رابردووی دەروازە سنوورییەکان گەیشتووەتە ترلیۆنێک و  194 دینار، لەکاتێکدا داهاتی ساڵی 2019، بریتی بووە لە ترلیۆنێک 122 دینار جیاوازییەکەی نزیکەی 71 بۆ 72 ملیار دینار بووە. ئەو زیادبوونەی داهات لە کاتێکدایە، ماوەی نزیکەی حەوت مانگ بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، رێکارەکانی داخستنی دەروازە سنوورییەکان و قەدەخەی هاتووچۆ گیراوەتەبەر. 
 
سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق پێیوایە ئەو زیادبوونەی داهاتەکان دەگەڕێتەوە بۆ تووندوتۆڵکردنی چاودێریی و کۆنترۆڵ و سەرپەرشتیکردن لەلایەن دەستەی دەروازە سنوورییەکان.