نرخی ئۆنسەیەک زیو 86 دۆلاری تێپەڕاند
رووداو دیجیتاڵ
نرخی زیو رۆژی چوارشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بۆ دووەم رۆژی یەک لە دوای یەک بەرزبووەوە و ئۆنسەیەکی 86 دۆلاری تێپەڕاند.
شەپۆلێکی فرۆشتنی زیو کە لە رۆژی هەینیی رابردوو دەستیپێکرد، 40%ی بەهای ئەو کانزا گرانبەهایەی سڕیبووەوە؛ بەڵام لە دوو رۆژی رابردوودا نرخی زیو ئاراستەکەی هاوچەشنی زێڕ گۆڕیوە و بەردەوامە لە بەرزبوونەوە.
لە لایەک فرۆشتنی زیو بە ناچاری لەبەر بەرزکردنەوەی رێژەی مارجینی گرێبەستەکانی داهاتوو کەمبووەتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە، دابەزینی نرخی زیو، هانی بازرگانان و وەبەرهێنەرانی داوە کە لە ئاستە نزمەکان دەست بە کڕینی زیو بکەن.
تەشەنەکردنی دووبارەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانیش هۆکاری دیکە بووە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زیو و کانزاکانی دیکە.