ئەو هۆکارانە چین ئابووریی جیهانیان لە کاتی شۆکی وزەدا بە پێوە هێشتووەتەوە؟
رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لە سوپرایزە گەورەکانی سەختترین شۆکی وزە لە دوای ساڵانی حەفتاکانەوە، بریتییە لەو خۆڕاگرییەی کە زۆربەی وڵاتانی جیهان تاوەکو ئێستا نیشانیان داوە. راپۆرتێک دەڵێ، پڕبوونی کۆگەکانی نەوت، بازدانی گەورە لە کارایی وزە و بووژانەوەی ژیریی دەستکرد، رێگرییان لە سستیی ئابووری کردووە، بەڵام چۆن؟
داخستنی تەنگەی هورمز بووەتە هۆی بڕانی نزیکەی 13 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا لە بازاڕەکانی جیهان. پچڕانی کارەبا گەیشتووەتە پاکستان، فلیپین هەفتەی کارکردنی کردووەتە چوار رۆژ، وڵاتانی وەک سلۆڤینیا و بەنگلادیشیش دەستیان بە سنووردارکردنی دابەشکردنی سووتەمەنی کردووە. لەگەڵ هەر رۆژێکی بەردەوامیی داخستنی ئەم رێڕۆیە، مەترسیی کەوتنی جیهان بۆ ناو سستیی ئابووری زیاتر دەبێت. نرخی نەوتی برێنت لە دوای داخستنی تەنگەکەوە زیاتر لە 50٪ بەرزبووەتەوە.
سەرەڕای ئەمانە، لە ماوەی ئەو دوو مانگەی کە ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل تەنگەی هورمزی داخستووە، زۆربەی ئابوورییە گەورەکانی جیهان نەوەستاون؛ ئەمەش بە پێچەوانەی ئەو داڕمانە خێرایانەی کە لە قەیرانەکانی وزەی ساڵانی حەفتاکان و نەوەدەکاندا روویاندا. بازاڕەکانی پشک ئێستا لە بەرزترین ئاستی مێژووییدان.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە راپۆرتێکدا دەڵێت، ئەم خۆڕاگرییە رەنگدانەوەی هەبوونی یەدەگی زۆری وزە، ئەو سیاسەتانەی کە بۆ هاوکاریی بەکاربەران پەیڕەو دەکرێن و ئەو کاریگەرییە هاوسەنگکەرانەی ژیریی دەستکردە (AI) کە بووەتە هۆی بووژانەوەی بازرگانی و وەبەرهێنان لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکە.
ئامارەکانی بانکی جیهانی ئەوەمان پێ دەڵێن، وڵاتانی جیهان ئێستا زۆر زیرەکانەتر و باشتر وزە بەکاردەهێنن. واتە بە بڕێکی کەمتر لە سووتەمەنی و وزە، دەتوانن بەرهەم و کاری زیاتر بکەن. ئامارەکان ئەم گۆڕانکارییەیان بەم شێوەیە روون کردووەتەوە:
چین: لە نێوان ساڵانی 2000 بۆ 2021، ئەو بڕە وزەیەی کە چین بەکاری هێناوە بۆ دروستکردنی بەرهەمەکانی (کە پێی دەگوترێت تێچووی وزە بۆ بەرهەمهێنان (Energy intensity)، زۆر کەمی کردووە. پێشتر پێوەرەکە 11 بوو، بەڵام ئێستا بۆ نزیکەی 6 دابەزیوە. ئەمەش مانای وایە چین بە رێژەی 40٪ بەکارهێنانی وزەی باشتر کردووە و کەمتر بەفیڕۆی دەدات.
ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا (ناوچەی یۆرۆ): هەمان پێشکەوتن دەبینرێت. ئەو بڕە وزەیەی کە پێویست بووە بۆ ئەوەی بەهای یەک دۆلار بەرهەم بهێنرێت، ئێستا بە رێژەی یەک لەسەر سێ (سێیەک) کەمتر بووەتەوە بەراورد بە جاران.
ئەنجام و مانای هەموو ئەمانە چییە؟
بەشێوەیەکی گشتی، ئەمە واتای ئەوەیە ئێستا جیهان فێر بووە چۆن زۆرترین سوود لە سەرچاوەکان وەربگرێت. بۆ نموونە، ئێستا بە سووتاندنی تەنیا یەک دڵۆپ نەوت یان یەک مەتر سێجا گازی سروشتی، دەتوانرێت کاری بازرگانی و ئابووریی زۆر زیاتر و گەورەتر بکرێت بەراورد بە ساڵانی رابردوو.
کریستالینا جۆرجێڤا، بەڕێوەبەری گشتیی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) لە مانگی نیسان رایگەیاند، باشتربوونی کارایی وزە "وەک بەرپەرچدەرەوەیەک بۆ شۆکەکە" کاردەکات. سندووقی نێودەوڵەتیی دراو پێشبینی دەکات، ئەگەر جووڵەی وزە لە تەنگەی هورمز تاوەکو ناوەڕاستی ئەم ساڵ دەستپێبکاتەوە، گەشەی ئابووریی جیهان لە ساڵی 2026دا دەگاتە 3.1٪، کە تەنیا کەمێک لە پار (3.4٪) کەمتر دەبێت. هەمان دامەزراوە هۆشداری دەدات، ئەگەر ململانێکان بەردەوام بن و تەنگەکە بە داخراوی بمێنێتەوە، تاقیکردنەوەیەکی سەختتر چاوەڕێی جیهان دەکات.
بەگوێرەی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو، ئەگەر تەنگەی هورمز تاوەکو ساڵی داهاتوو هەر بە داخراوی بمێنێتەوە، گەشەی ئابووریی جیهان خۆی لە 2٪ دەدات و ئابووریی جیهان لە "سستبوون و پاشەکشە" نزیکدەبێتەوە.
لە کاتێکدا ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوامە، بەڵام هیچ رێککەوتنێک بۆ کردنەوەی رێڕۆکە نییە، کە ئێستا لەژێر گەمارۆی دەریایی ئەمریکادایە بۆ بێبەشکردنی ئێران لە هاوردە و داهات. وڵاتە هەژارەکان کە خاوەنی یەدەگی وزە نین و لە کاروانی ژیریی دەستکردیش دواکەوتوون، ئێستا بەدەست داخستنی کارگەکان و گرانیی نرخەکانەوە دەناڵێنن.
ئاستی هەڵاوسان
بە پێچەوانەی ساڵی 2022 کە جەنگی ئۆکراینا شۆکێکی دروستکرد، ئێستا جیهان لە خاڵێکی باشترەوە دەستیپێکردووە، کۆمپانیای سی ئی ئای سی داتای ئەمریکیی تایبەت بە داتا و چاودێریی ئابووری دەڵێ:
ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا: ئاستی نرخی بازاڕ بۆ بەکاربەران (Consumer prices) کە لە ساڵی 2022 گەیشتبووە لووتکە (سەروو 9٪)، ئێستا بۆ نزیکەی 2٪ تاوەکو 3٪ دابەزیوە. ژاپۆن: ئاستی نرخ لە دەوروبەری 2٪ جێگیرە. ئەم دۆخە وایکردووە بانکە ناوەندییەکان ناچار نەبن بە خێرایی رێژەی سوود بەرز بکەنەوە. جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەڵێ: "ئاسۆی ئابووری هێشتا نادیارە و جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەم نادیارییەی زیاتر کردووە."
بەگوێرەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، حکومەتەکان بۆ پاراستنی جێگیریی بازاڕ، پەنایان بۆ یەدەگەکانیان بردووە. بەپێی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، ژاپۆن و کۆریا یەدەگی 200 رۆژیان لەبەردەستە. ئەورووپا یەدەگی 130 رۆژ و چینیش خاوەنی یەدەگێکی گەورەیە کە بە 1.4 ملیار بەرمیل دەخەمڵێندرێت و بەشی 100 رۆژی ئابوورییەکەی دەکات.
بووژانەوەی ژیریی دەستکرد
هەناردەکارە ئاسیاییەکان سوودێکی زۆریان لە تەقینەوەی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە ئەمریکا بینیوە: تایوان: ئاستی هەناردەکردنی لە ساڵی 2026 گەیشتووەتە لووتکە و 68٪ زیادی کردووە. کۆریای باشوور: هەناردەکردنی نزیکەی 50٪ زیادی کردووە. ژاپۆن: هەناردەکردنی 12٪ زیادی کردووە.
هۆکارە سەرەکییەکە ئەوەیە کە ئەم وڵاتە ئاسیاییانە سوودمەندێکی گەورەی ئەو شۆڕش و خواستە زۆرەن کە ئەمریکا لە بواری ژیریی دەستکرددا دروستی کردووە. واتە پێویستیی زۆری جیهان بە پارچە و تەکنەلۆژیای پەیوەست بە ژیریی دەستکرد، وایکردووە ئەم وڵاتانە کاڵایەکی زۆرتر بفرۆشن و قازانجێکی زیاتر بکەن.
ستیفان ئەنگریک، بەرپرسی ئابووریی بازاڕەکان لە (Moody’s Analytics) دەڵێ، "ژیریی دەستکرد درزەکان دادەپۆشێت."
هۆکارێکی دیکەی خۆڕاگریی ئابووری، گۆڕانی جۆری خزمەتگوزارییەکانە؛ ئابوورییە پێشکەوتووەکان لە پیشەسازیی قورسەوە بەرەو خزمەتگوزارییە داراییەکان و چاودێریی تەندروستی رۆیشتوون کە وزەی کەمتریان دەوێت. هەروەها وزە نوێبووەوەکانی وەک خۆر و با، گەرمی و وزەی کەمتریان تێدا بەفیڕۆ دەچێت بەراورد بە سووتەمەنییە بەبەردبووەکان.
کۆمپانیا گەورەکانی وەک (Thyssenkrupp)ـی ئەڵمانی و (Saint-Gobain)ی فەرەنسی، دەستیان کردووە بە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بۆ رێکخستنی بەکارهێنانی وزە و بەکارهێنانی سووتەمەنیی کاراتر وەک هایدرۆجین. لێکۆڵینەوەکانی (IMF) نیشانی دەدەن، ئەم رێکارانەی کۆمپانیا ئەورووپییەکان، زیانە درێژخایەنەکانی سەر ئابووریی ئەورووپایان بە رێژەی سێیەک کەمکردووەتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئادیتیا ماتوو، بەڕێوەبەری توێژینەوەکانی گەشەپێدان لە بانکی جیهانی، هۆشداری دەدات، جیهان لەسەر یەک رووبەڕووی چەندین شۆک بووەتەوە (پەتا، وزە، پێناسی گومرگی)، ئەمەش وایکردووە وڵاتە گەشەسەندووەکان بکەونە ناو دووڕیانێکی سەختەوە: "ئایا هاوکاریی خەڵکەکەیان بدەن بۆ ئەمڕۆ، یان گەشەی ئابووری بۆ سبەی بپارێزن؟"