ترەمپ: دوای کۆتاییهاتنی جەنگ نرخی نەوت بە شێوەیەکی "بەرچاو" دادەبەزێنین
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، ئەو پێشبینییانەی دەیانگوت نرخی نەوت بەهۆی جەنگی ئێرانەوە دەگاتە 300 دۆلار "هەڵە بوون" و دەڵێت، دوای کۆتاییهاتنی جەنگ، نرخەکان بۆ ئاستێکی زۆر نزم دادەبەزێنن.
رۆژی دووشەممە، 04-05-2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی گوتارێکی لەبارەی دۆخی ئابووری و سەربازیی وڵاتەکەی پێشکێش کرد و رایگەیاند: "بازاڕی پشکەکانمان گەیشتووەتە ئاستێکی بەرزی نوێ، تەنانەت لەگەڵ ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەشدا. ئێمە نەماندەتوانی رێگە بدەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
بە گوتەی سەرۆکی ئەمریکا، توانای سەربازی ئێرانیان تێکشکاندووە و گوتی: "ئەوان ئێستا هیچ هێزێکی دەریایی، ئاسمانی، رادار و ئامێری دژە فڕۆکەیان نەماوە، تەنانەت سەرکردەکانیشیان نەماون. ئۆپەراسیۆنەکە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت."
سەبارەت بە هەڵکشانی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، ترەمپ ستایشی کریس رایت، وەزیری وزەی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند: "هەمووان هەڵە بوون کە دەیانگوت نرخی هەر بەرمیلێک نەوت دەگاتە 300 دۆلار، بەڵام نرخەکە ئێستا لە دەوروبەری 100 دۆلارە. کاتێک ئەم جەنگە کۆتایی دێت، نرخەکان بە شێوەیەکی بەرچاو و زۆر خێرا دادەبەزێنین."
ترەمپ ئاماژەی بەوەدا کە بڕێکی زۆر نەوت لەنێو کەشتییەکاندا لە سەرانسەری جیهان بارکراون، بەڵام بەهۆی دۆخی جەنگەوە پەکخراون. جەختیشی کردەوە کە ئیدارەکەی کار دەکات بۆ ئەوەی دوای جەنگ، نرخەکان بگەیێنێتە ئاستێک کە "پێشتر جیهان نەیبینیبێت."
لە 28ـی شوباتی رابردوو، دوای هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بازاڕەکانی وزە شڵەژان. پێش جەنگ نرخی بەرمیلێک نەوت 72 دۆلار بوو، ئێستا گەیشتووەتە سەروو 115 دۆلار. هەناردەی نەوت لە تەنگەی هورمز لە 20 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ 90٪ تاوەکو 95٪ دابەزیوە. لە دوای دەستپێکی جەنگەوە، تەنیا یەک رۆژ تەنگەی هورمز بەڕووی کەشتییەکاندا کراوە بووە.