وەزیری بازرگانیی عێراق: ئاسانکاری بۆ هاتنەناوەوەی کاڵاکانی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگاکانمان دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بازرگانیی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی هەناردەکاران و پیشەسازان رایگەیاند، کار دەکەین بۆ دەستپێکردنی دیدێکی نوێ بۆ پەرەپێدانی هەناردەی نیشتمانی و بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمە عێراقییەکان بۆ گەیشتن بە بازاڕە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.
ئەسیر داود غەریری رایگەیاند، "لە رێگەی سندووقی پاڵپشتی هەناردەکردنەوە زنجیرەیەک رێوشوێنی پاڵپشتی گیراونەتەبەر، کاریش دەکەین بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی ئەو پاڵپشتییەی کە پێشکێش بە هەناردەکاران دەکرێت بۆ رێژەی 30% لە هەندێک کەرتەکاندا، بۆ کەرتەکانی دیکەش رێژەی پاڵپشتی دەگەیێنینە 18%، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانێکە کە ئامانج لێی هاندانی بەرهەمهێنان و فراوانکردنی هەناردەکردنە."
عادل عەکاب، سەرۆکی یەکێتیی پیشەسازییەکانی عێراق بە رووداوی گوت، "ئەم هەنگاوەی وەزارەتی بازرگانی بۆ زیادکردنی پاڵپشتی هەناردەکاران و پیشەسازکاران، زۆر گرنگە و پاڵپشتییەکەش بەشێوەی داراییە."
بەگوێرەی وەزارەتی بازرگانی، غەریری جەختی لە گرنگی چاودێریکردنی کاروباری پیشەسازی و هەناردەکاران لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە و رایگەیاندووە، "هەوڵەکان بۆ ئاسانکاری هاتنە ناوەوەی کاڵا بەرهەمهێنراوەکانی هەرێمی کوردستان بۆ نێو پارێزگاکانی عێراق بەردەوامن، کە ئەم هەنگاوە هاوتەریبە لەگەڵ بنەمای تەواوکاری ئابووریی نیشتمانی."
بەگوێرەی ئەو رێکارانەی حکومەتی عێراق جێبەجێیان دەکات، تەنیا ئەو بەرهەمە نێوخۆییانەی هەرێمی کوردستان رێگە بە ناردنیان بۆ پارێزگاکانی نێوەڕاست و خواروو دەدرێت؛ کە کۆمپانیا و پڕۆژەکانی بەرهەمهێنەر لە بەغدا تۆمار کرابن.
بەڵام لە نێوەڕاستی مانگی نیسانی ئەم ساڵەوە، رێگەدان بە بارە هاوردەکراوەکان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق راگیراوە، ئەوەش بە هۆکاری چەند مەرجێکی عێراق بۆ بازرگانان.