وەزارەتی دارایی عێراق دەستی بە خەرجکردنی مووچەی مانگی 8ی خانەنشینانی کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە دەستی بە خەرجکردنی مووچەی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی بۆ مانگی 8 کرد، داوا لە خانەنشینان دەکات چاوەڕێی ئاگادارکردنەوەی بانکەکانیان بن. وەزارەتەکە دڵنیایی دەدات کە "کێشەی نەختینەیان نییە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق کە ئەمڕۆ دووشەممە 4ی ئابی 2025 بڵاوکراوەتەوە، فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتەکە رێکارەکانی گواستنەوەی پارەکەی بۆ دەستەی گشتیی خانەنشینی تەواو کردووە، تاوەکو لە رێگەی بانکەکانەوە بەسەر خانەنشیناندا دابەش بکرێت.
 
دەستپێکی هەموو مانگێک مووچەی خانەنشینی لە عێراق دابەش دەکرێت، بەڵام چەند رۆژێک بوو دواکەوتبوو، سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی، وەزارەتەکە روونیکردووەتەوە، "هاوکات بووە لەگەڵ پشووی کۆتایی هەفتەی بانکەکانی بیانی، کە کاریگەریی لەسەر گواستنەوەی داهاتی فرۆشی نەوت هەبووە و بووەتە هۆی دواخستنی پرۆسەی گواستنەوەی پارە."
 
وەزارەتی دارایی دڵنیاییشی داوە، "مووچە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵی دارایی بە تەواوی دابینکراوە و ئەو دەنگۆیانە راست نین کە باس لە کەمبوونەوەی نەختینەیی (سیولە) دەکەن."
 
وەزارەتەکە داوا لە خانەنشینان دەکات لە ئەمڕۆوە چاودێریی ئاگادارکردنەوەی بانکەکانیان بکەن و ئاماژەی بەوەش کردووە، پارەکە لە ماوەی چەند کاژێری داهاتوودا بە قۆناخ دەگاتە هەژمارەکانیان.
 
هەروەها لە راگەیێندراوێکدا دەستەی گشتیی خانەنشینیی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 4ی ئابی 2025 گوتی، "بە شێوەیەکی قۆناخ بە قۆناخ دەستیان بە دابەشکردنی مووچەی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی کردووە بۆ مانگی ئاب."
 
دەستەکە داوا لە سەرجەم خانەنشینان دەکات، تەنیا دوای گەیشتنی کورتەنامە (SMS) سەردانی لقەکانی بانکەکان و بنکەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە بکەن بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان.