سۆمۆ: هەرێمی کوردستان هەر بڕە نەوتێکمان رادەست بکات، وەریدەگرین
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) رایگەیاندووە، هیچ بڕە نەوتێکیان لە هەرێمی کوردستانەوە رادەست نەکراوە. دەشڵێت، بەندەرەکانی عێراق لەژێر چاودێرییەکی وردن و بە میکانیزمێکی پێشکەوتوو بەڕێوەدەبرێن.
عەلی نزار فایەق، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) رۆژی دووشەممە رایگەیاند "تائێستا هەرێمی کوردستان هیچ بڕە نەوتێکی رادەست نەکردووە".
17ی مانگی رابردوو هەولێر و بەغدا لەسەر رادەستکردنی 230 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیای سۆمۆ رێککەوتن، بەڵام هێرشە درۆنییەکان زیانی زۆریان هەبووە و بەرهەمەکەیان دابەزاندووە.
بەڕێوەبەری گشتیی سۆمۆ گوتی: "کۆمپانیاکەمان سەرجەم رێکارەکانی گرێبەستکردنمان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە تەواوکردووە و، ئامادەین هەر بڕە نەوتێک وەربگرین کە لە هەرێمی کوردستانەوە رادەست بکرێت".
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ ئاماژەی بە قەبارەی هەناردەی نەوت کرد و گوتی، "رۆژانە لەنێوان سێ ملیۆن و 350 هەزار بەرمیل بۆ سێ ملیۆن و 400 هەزار بەرمیلە، لە 78٪ بۆ 80٪ـی دەچێتە بازاڕەکانی ئاسیا، چونکە بازاڕی گەشەسەندوون و خواست لەسەر بەکاربردنیان لە زیادبووندایە، ئەو رێژەیەش دەمێنێتەوە بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا دەنێردرێت کە کەمترە لە 20٪، بڕێکی کەمیشی بۆ بازاڕەکانی ئەمریکایە".
رۆژی 28ـی مانگی رابردوو، نووسراوێکی سۆمۆ، بڵاوکرایەوە کە تێیدا هاتبوو، بە گوێرەی بەدواداچوونەکانیان، بەشێک لە نەوت گوێزەرەوەکان دەکرێت لە دەروازەکانی ئوم قەسر و خۆرزوبێر، گومانیان لێدەکرێت نەوت بەڕێگەی نادیار و رێگە پێنەدراو بگوازنەوە (یاخود بەقاچاخ بیبەن).
سۆمۆ لە نووسراوەکەیدا کە ئاڕاستەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی کردبوو، روونکردنەوە و هۆکاری دیکەی خستووەتەڕوو و دەڵێت، نەوت گوێزەرەوەکان تەکنەلۆژیای پێشکەوتوویان بەکارهێناوە بۆ شاردنەوەی شوێنی راستەقینەی خۆیان یاخود گۆڕینی، لەگەڵ دواکەوتن لە پێدانی زانیاریی لەبارەی نەوت گوێزەرەوەکان و ئاڕاستەکەیان، ئەوەش وادەکات گومان بکرێت بە قاچاخ نەوت بگوازنەوە.
نووسراوەکە واژۆی عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتیی سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی سۆمۆی لەسەرە.
عەلی نزار لەوبارەیەوە دەڵێت، "بەڵگەنامە دزەپێکراوەکە راستە، بەڵام رێکارێکی رۆتینی و ئاساییە و ئامانج لێی کۆنترۆڵکردنی خشتەی بارکردنی کەشتییە نەوتییەکانە". گوتیشی، "بەندەرەکانی عێراق پارێزراون و بە هاوئاهەنگییەکی بەرز لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان بەڕێوەدەبرێن".
بەڕێوەبەری گشتیی سۆمۆ ئاماژەی بەوە کردووە، "بەڵگەنامەکە تەنیا ئاراستەی لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان کراوە، بە فۆرماتێکی ئاستبەرز، بۆ دڵنیابوون لە کۆنترۆڵکردنی تووندی پرۆسەکانی هەناردەکردن". ئاماژەی بەوەشکرد: "هەر کەشتییەک گومانی لێبکرێت، لەلایەن لایەنە پسپۆڕەکانەوە شوێنەکەی دیاریدەکرێت".
بە گوتەی عەلی نزار، بەدواداچوون بۆ ئەو "چوار کەشتییە" کراوە کە لە بەڵگەنامەکەدا ناویان هاتووە، رەنگە مادەی پیشەسازییان بار کردبێت کە پەیوەندیی بە نەوتەوە نییە". گوتیشی: "هیچ مامەڵەیەکمان لەگەڵ ئەو کۆمپانیا و لایەنانەدا نییە کە سزایان بەسەردا سەپێنراوە و رێکاری پێویست دەگرینەبەر بۆ دەرکردنی هەر کەشتییەکی گوماناوی لە ئاوەکانی عێراق".