بەغدا نایەوێت رێککەوتنی سێ قۆڵی لەبارەی 16 دۆلارى کۆمپانیاکانى نەوت واژۆ بکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق تاوەکو ئێستا ناچێتە ژێر باری واژۆکردنى رێککەوتنێکی سێ قۆڵی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کۆمپانیاکانی نەوت، لەبارەی گەرەنتیی خەرجکردنی ئەو 16 دۆلارەی بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دانراوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی رووداو لە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گفتوگۆی نێوان کۆمپانیاکانی نەوت، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دەستی کەوتووە، تاوەکو ئێستا وەزارەتی نەوت رەزامەندیی پێشان نەداوە لەوەی رێککەوتنێکی سێ قۆڵی لەنێوانیان واژۆ بکرێت لەبارەی پێدانی 16 دۆلار بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت لەلایەن کۆمپانیاکانەوە بەمەبەستی هەناردەکردنى.
بەرپرسی یەکێک لە کۆمپانیاکانی نەوت بە (رووداو)ی گوت، "وەزارەتی نەوت دەیەوێت ئەو بەرپرسیارێتییە لەسەر خۆی لاببات بە پاساوی ئەوەی کە گرێبەستەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستانە نەک ئەوان، دەشڵێت هەمواری یاسای بودجە گەرەنتییە بۆ ئەوەى ئەو پارەیە بدات."
بە گوتەی ئەو بەرپرسە وەزارەتی نەوتی عێراق پێیوایە ئەگەر ئەو رێککەوتنە واژۆ بکەن دەبێت بە گرێبەستى کۆمپانیاکاندا بچێتەوە و هاوتای بنەمای یاسایی گرێبەستەکانی نەوتییەکانی خۆی بکات.
بەگوێرەی هەمواری یاسای بودجەی گشتیی عێراق، بڕی 16 دۆلار وەک تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت دەدرێتە کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئەو کاتەی کۆمپانیایەکی راوێژکاری نرخی راستەقینەی تێچووی نەوتی هەر کێڵگەیەک بەجیا دیاری دەکات.
ئەو بەرپرسە گوتی، "ئەو رێککەوتنەی کۆمپانیاکانی نەوت دەیانەوێت لەگەڵ بەغدا واژۆی بکەن بۆ پێدانی 16 دۆلارەکە تەنیا بۆ 90 رۆژە، تاوەکو کاری کۆمپانیای راوێژکارییەکە تەواو دەبێت، لەو ماوەیەدا ئەگەر پارەکە نەدرا کۆمپانیاکان نازانن لە دادگا سکاڵا لە کێ تۆمار بکەن، ئەگەر رێککەوتنێکی نووسراو نەبێت بۆ خەرجکردنی 16 دۆلارەکە."
لە 13ی ئابی 2025ـەوە رێککەوتنی نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی رادەستکردنی نەوت واژۆ کراوە. تائێستا ئەو هەنگاوە نەنراوە بۆ هەناردەکردنی بڕێک لە نەوتەکە و بەکارهێنانی بەشەکەی دیکەی بۆ سووتەمەنیی ناوخۆ کە یەکێکە لە مەرجەکانی دانانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.