بۆچی نرخی زیو لە هەرێمی کوردستان زیاترە لە بازاڕەکانی جیهان؟ دەبرێتە ئێران؟

رووداو دیجیتاڵ

لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەراورد بە جیهان نرخی کیلۆیەک زیو زیاتر لە 250 دۆلار بەرزترە لە بازاڕەکانی جیهان، دەگوترێت هۆکاری بەرزیی نرخەکە هەناردەکردنییەتی بۆ ئێران. بازرگانانی کانزاکەش دەڵێن، "راستە پێشتر هەناردەی ئێران کراوە."
 
دیار حەمید، بازرگانیی زێڕ و زیو لە شاری هەولێر رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ کیلۆیەک زیو بە هەزار و 800 دۆلارە (18 وەرەقە) دەفرۆشین و بەهەزار و 700 دۆلاریش دەیکڕین".
 
دیار حەمید گوتی: "بازاڕی زیو زۆر ناجێگیرە؛ کڕیار و فرۆشیاریش لە بازاڕدا کەمن".
 
دەنگۆ هەیە کە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بەراورد بە بازاڕەکانی جیهان بردنییەتی بۆ وڵاتی ئێران. دیار حەمید دەڵێت: "لە ناوخۆدا خواستی زۆری لەسەرە، ئاگادارنیم لە هەولێرەوە هەناردەی ئێران بکرێت و ئەگەر ئەوە هەبێت لە سلێمانییەوەیە".
 
هەروەها دانا شێخ سەیدا، بازرگانیی دیاری زیو و زێڕ لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشتریش زیو براوە بۆ ئێران و لەوێشەوە هاتووە، هۆکاری سەرەکیی بەرزتربوونی نرخ لە جیهان لە هەرێمی کوردستان کڕیاری نێوخۆ و رێکلامی سۆشیالمیدیایە بۆ زیو".
 
بە گوتەی دانای شێخ سەیدا، ئەو کۆمپانیایەی قاڵبی زیو دروست دەکات لە ئیمارات کە سەرەچاوەی سەرەکیی زیوی هەرێمی کوردستانە بۆ ماوەی مانگێک بەرهەمهێنانی راگرتووە.
 
بە گوتەی ئەو بازرگانەی زیو لە سلێمانی: "کڕین و فڕۆشتنی زیو بە گوێرەی رۆژە، پێشتر براوە بۆ ئێران ئێستا لەوێوە دەهێندرێتەوە هەرێمی کوردستان چونکە لێرە نرخی بەرزە".
 
ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی جیهاندا کیلۆیەک زیو بە هەزار و 546 دۆلارە.
 
جگە لە ئیمارات، لە تورکیاشەوە زیو هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
 
نرخی زێڕ
 
لەبارەی نرخی زێڕەوە دیار حەمید، بازرگانی زێڕ و زیو لە شاری هەولێر گوتی: "زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و ئەمڕۆ میسقاڵێک عەیاری 21 دەدەینە 790 هەزار دینار".
 
هەر ئەمڕۆ مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 675 هەزار دینارە؛ عەیار 22 بە 825 هەزار دینارە و عەیاری 24 بە 899 هەزار دینارە.