گومرگی کرماشان: هەناردە لە دەروازەی سنووریی خوسرەوییەوە 45٪ زیادیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە حەوت مانگی رابردوودا هەناردەکردنی کاڵا لە رێگەی دەروازەی سنووریی خوسرەوییەوە لە رووی نرخەوە 45٪ زیادی کردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە 567 ملیۆن دۆلار.
رۆژی سێشەممە، 4ی تشرینی دووەمی 2025، رەزا نیکرەوش، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی کرماشان رایگەیاند، لە 21-03-2025ـەوە تاوەکو 21-10-2025 واتە لە ماوەی حەوت مانگدا، یەک ملیۆن و 254 هەزار تۆن کەلوپەل هەناردەی عێراق کراوە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی کرماشان، ئەو کەلوپەلانەی لە رێگەی دەروازە سنوورییەکەوە هەناردەکراون، بایی زیاتر لە 567 ملیۆن و 364 هەزار دۆلار بوون.
رەزا نیکرەوش رایگەیاند، بەراورد بە پار لە هەمان ماوەدا هەناردەکردنی کەلوپەل لە رێگەی دەروازەی سنووریی خوسرەوییەوە لەڕووی کێشەوە 51% و لەڕووی نرخیشەوە 45% زیادی کردووە.
زیاترین ئەو کەلوپەلانەی لە رێگەی ئەو دەروازە سنوورییەوە هەناردە کراون بریتین لە: ئاسن، پۆڵا، چیمەنتۆ، بەرهەمە پلاستیکییەکان، شیر و بەرهەمە شیرەمەنییەکان، سەوزە و میوە.
لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، پێنج دەروازەی سنووری هەن، کە سیانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستانن و دوو دەروازەی دیکەش لەگەڵ ناوچەکانی لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی عێراقن.
دەروازە سنوورییەکانی پەروێزخان، شووشمێ و شێخ سڵە دەکەونە سنووری هەرێمی کوردستان و دەروازەی سنوورییەکانی خوسرەوی و سومار دەکەونە سەر سنووری نێوان کرماشان و قەزای خانەقین لە پارێزگای دیالە.