سۆمۆ: مانگی رابردوو نزیکەی 6 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەکراوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) رایگەیاند، لە مانگی رابردوودا 5 ملیۆن و 834 هەزار و 486 بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان فرۆشراوە. واتە بە تێكڕا، لەو مانگەدا رۆژانە 188 هەزار و 221 بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەکراوە.
زۆرترین هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رۆژێکدا لە مانگی رابردوو، رۆژی 9ـی مانگ بووە کە ملیۆنێک و 31 هەزار و 445 بەرمیل بووە، کە لە لایەن کەشتیی 'پۆلیگۆس'ـەوە بارکراوە.
بەپێی داتاکانی سۆمۆ، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە سێ رۆژ جارێک بووە، لە مانگی رابردوودا بەم شێوەیە بووە:
3ـی مانگ
647 هەزار بەرمیل
6ـی مانگ
331 هەزار و 24 بەرمیل
9ـی مانگ
ملیۆنێک و 31 هەزار و 445 بەرمیل [دوو جار]
13ـی مانگ
601 هەزار و 823 بەرمیل
16ـی مانگ
578 هەزار و 398 بەرمیل [بە دوو کەشتی]
20ـی مانگ
ملیۆنێک و 27 هەزار و 119 بەرمیل
24ـی مانگ
608 هەزار و 680 بەرمیل
30ـی مانگ
ملیۆنێک و 365 بەرمیل
بەپێی ئامارەکەی سۆمۆ، هەر لەو مانگەدا، 66 ملیۆن و 78 هەزار و 192 بەرمیل نەوتی مامناوەندی بەسرە هەناردە کراوە. بە تێكرا رۆژانە دەکاتە 2 ملیۆن و 131 هەزار و 555 بەرمیل.
هاوکات 38 ملیۆن و 737 هەزار و 914 ملیۆن بەرمیل نەوتی قورسی بەسرەش هەناردەکراوە، کە بە تێكڕا رۆژانە ملیۆنێک و 249 هەزار و 610 بەرمیل نەوت بووە.
بەم پێیە، بە نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، عێراق مانگی رابردوو 110 ملیۆن و 650 هەزار و 970 بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە.
لە مانگی ئەیلوولدا عێراق 102 ملیۆن و 150 هەزار و 362 بەرمیل نەوتی فرۆشتبوو. نەوتی هەرێمی کوردستان 5.27%ـی کۆی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی پێکهێناوە.
هەرچەندە وەزارەتی نەوتی عێراق ئێستا داهاتی نەوت بڵاوناکاتەوە، بەڵام نەوتی هەرێمی کوردستان بە پێوەری نەوتی کەرکووک دەفرۆشرێت و زۆرینەی هەناردەی ئەورووپا دەکرێت. بە 2 دۆلار زیاتریش لە نرخی نەوتی برێنت دەفرۆشرێت.
واتە ئێستا کە نرخی نەوتی برێنت بۆ هەر بەرمیلێک 64.10 دۆلارە، نرخی نەوتی هەناردەکراوی هەرێمی کوردستان بۆ ئەورووپا، 66.10 دۆلارە.
ئەمە لەکاتێکدا دێت کە نەوتی عێراق بە کەمتر لە نرخی نەوتی برێنت دەفرۆشرێت.
رۆژی 17ـی ئەیلوولی ئەم ساڵ، دوای دوو ساڵ و نیو لە راگرتنی، نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەکرایەوە. بەپێی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، رۆژانە هەرێمی کوردستان تاوەکو 230 هەزار بەرمیل نەوت دەداتە سۆمۆ. 50 هەزاریش بۆ بەکارهێنانی نێوخۆ گلدەداتەوە.