گومرگی عێراق: ساڵی داهاتوو قۆناخی سێیەمی سیستمی ئەسیکۆدا جێبەجێ دەکەین

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق دەڵێت، هێشتا هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بە سیستمی ئەسیکۆدا، لەکاتێکدا ساڵی داهاتوو عێراق قۆناخی سێیەمی جێبەجێ دەکات.
 
سامر قاسم تائی، سەرۆکی دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، لە ئەنجامی چاکسازییەکان و پشتیوانیی سوودانی، پێشبینی دەکەن تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ داهاتی گومرگ بگاتە 2.5 تریلیۆن دینار. گوتیشی، پێشبینی دەکەین لە ساڵانی داهاتوودا ئەو ژمارەیەی ئێستا دوو هێندە ببێت و لە باشترین حاڵەتدا بگاتە زیاتر لە 3 تریلیۆن دینار.
 
عێراق لە 2023ـەوە سیستمی ئەسیکۆدا جێبەجێ دەکات، کە سیستمێکی تایبەتە بە بەئەلیکترۆنیکردنی گومرگ بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، بەڵام هێشتا لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکراوە. 
 
سامر قاسم تائی گوتی، هاوئاهەنگی و کۆبوونەوەکان لەمبارەیەوە بەردەوامن. گوتیشی، لە 1ـی مانگی داهاتووەوە وەرگرتنی گومرگی پێشوەختە جێبەجێدەکرێت.
 
قسەکانی ئەو بەرپرسە لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئابووری لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح کە رۆژی دووشەممە پێشکێشکرا.
 
دەقی گفتوگۆی رووداو لەگەڵ سامر قاسم تائی، سەرۆکی دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق:
 
رووداو: چەند دەروازەی سنووری لە عێراق هەن؟ چالاکترینیشیان کامانەن؟
 
سامر قاسم تائی: ژمارەی دەروازە سنوورییەکانی حکومەتی فیدراڵی 22 دەروازەی گشتییە، لە نێوان دەروازەی دەریایی و وشکانی و ئاسمانی.
 
رووداو: کامیان لە هەموویان چالاکترە؟
 
سامر قاسم تائی: ، بەندەرەکان زۆرترین چالاکییان هەیە، بەتایبەتی بەندەرەکانی پارێزگای بەسرە لە رووی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و قەبارەی مامەڵە بازرگانییەکان.
 
رووداو: لە ئاسمانییەکان کامیان لە هەموویان چالاکترە؟
 
سامر قاسم تائی: فڕۆکەخانەی بەسرە وەک تاکە دەروازەی ئاسمانی لە پارێزگای بەسرە ناسراوە، بەڵام بەندەرەکان پلەی یەکەمن لە رووی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و جووڵەی مامەڵە بازرگانییەکانی رۆژانە لە بەندەری ئوم قەسری باکوور و نێوەڕاست و باشوور پێکدەهێنن.
 
رووداو: ئەگەر بەراوردەکە لەنێوان دەروازە سنوورییە وشکانییەکان بکەین، جووڵەی بازرگانی لە کامیان زۆرترە.
 
سامر قاسم تائی: دەروازەی سەفوان و دەروازەی شەلامچە لەگەڵ لایەنی ئێران و دەروازەی زرباتیە، بە نزیکەیی گەورەترین دەروازە وشکانییەکانن، لە رووی جووڵەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران.
 
رووداو: بەڕێز تائی، باستان لەوە کردووە ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا داهاتی گومرگ گەیشتووەتە 2.15 تریلیۆن دینار. بۆ کۆتایی ئەم ساڵ پێشبینیتان چییە؟
 
سامر قاسم تائی: لە ئەنجامی چاکسازییەکانی گومرگ کە حکومەت گرتوویەتیەبەر و بە پشتگیریی راستەوخۆی بەڕێز سەرۆکوەزیران، دەستەی گشتی چاکسازیی گومرگی لەسەر ئاستی کارگێڕی و هونەری کردوویەتی. سیستمی ئەسیکۆداش لە سەرجەم ناوەندە گومرگییە فیدراڵییەکان جێبەجێکراوە. ئەم سیستمە، سیستمێکی جیهانییە. بەپێی پێوەرە گومرگییە نێودەوڵەتییەکان داڕێژراوەتەوە و بە شێوەیەکی بەرچاو یارمەتیدەر بووە لە ئاسانکاریی جووڵەی بازرگانی و کەمکردنەوەی دەستکاریکردنی مامەڵە گومرگییەکان، ئەمەش راستەوخۆ کاریگەری هەبووە لەسەر زیادبوونی ئەم داهاتانە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ رابردووش، پێشتر کارکردنی گومرگەکان بەهۆی شێوازی کارکردنی کلاسیکی پێشوو نەگەیشتبووە ئەم ژمارەیە لە داهات، بەڵام لە سایەی چاکسازییە نوێیەکان و رێکارە گومرگییەکانی ئەم دواییە، گۆڕانکاریی بەرەو بە سیستمی ئەلیکترۆنی، بەڕێوەبردنی مەترسییەکان و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی، راستەوخۆ کاریگەرییان هەبووە لەسەر زیادبوونی ئەم داهاتانە. سیستمی ئەسیکۆدا ئێستا لە قۆناخی دووەمدایە و پشتیوان بەخودا، لە ساڵی داهاتوودا دەچێتە قۆناخی سێیەم. پشتیوان بەخودا دوای تەواوبوونی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا بە تەواوی و کردنی ئەرکەکانی بە شێوەیەکی تەواو، داهاتەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبنەوە. بەڵگەی ئەمەش ئەوەیە کە لە دوو ساڵدا داهاتەکان بە رێژەی 100% بۆ 150% بەرزبوونەتەوە.
 
رووداو: داهاتی خەمڵێندراوی گومرگەکان نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی لە بودجەدا هاتووە؟ ئاستی پەسندکراو چەندە؟
 
سامر قاسم تائی: پێشبینی بۆ داهاتە گومرگییەکان، بە دڵنیاییەوە، لە ساڵانی دواییەدا (2024 و 2025) لە بەرزبوونەوەدان. پێشبینی دەکەین لە ساڵانی داهاتوودا ئەو ژمارەیەی ئێستا دوو هێندە ببێت و لە باشترین حاڵەتدا بگاتە زیاتر لە 3 تریلیۆن [دینار]، ئەوەش بەپێی پێشبینییەکان و لە ئەنجامی چاکسازییە گومرگییەکانی ئەم دواییە و دوای تەواوکردنی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا بە تەواوی، چونکە وەک دەزانن ئێستا سیستمی ئەسیکۆدا لە نێوەڕاستی قۆناخی دووەمدایە و هێشتا قۆناخی سێیەممان ماوە کە بە شێوەیەکی بەرچاو یارمەتیدەر دەبێت لە زیادکردنی ئەم داهاتانە.
 
رووداو: رێژەی قاچاخچێتی تاوەکو چەند کۆنترۆڵکراوە؟ گەیشتووەتە ئاستی سفر؟
 
سامر قاسم تائی: سەبارەت بە دەروازە فیدراڵییەکان، چالاکییەکانی قاچاخچێتی 80% بۆ 90% کۆنترۆڵکراون. ئەمڕۆ رێکارە گومرگییەکانمان و هاوکاری راستەوخۆمان لەگەڵ دەستەی دەروازە سنوورییەکان کە لایەنی چاودێری و سەرپەرشتییە، بە شێوەیەکی بەرچاو ئۆپەراسیۆنەکانی قاچاخچێتی سنووردارکردووە، کە پێشتر لە هەندێک ناوەندی گومرگ دا دەبینران. ئێستا هاوکاریی ئەمنی لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکان و هاوئاهەنگی گومرگ لەگەڵ دەستەی دەروازە سنوورییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو و دیار کاریگەری هەبووە لە کەمکردنەوەیان. ناتوانم بڵێم گەیشتوونەتە ئاستی سفر، بەڵام بە شێوەیەکی بەرچاو و بێوێنە کەمبوونەتەوە لەسەر ئاستی دەروازە فیدراڵییەکان.
 
رووداو: دەتوانین بزانین رێژەی وەرگرتنی گومرگ لەسەر کاڵاکان چەندە؟ جیاوازیی هەیە لەنێوان ئەو کاڵایانەی لە بەندەرەکان، یان لە رێگەی وشکانی و ئاسمانییەوە هاوردە دەکرێن؟
 
سامر قاسم تائی: سەبارەت بە دەروازە فیدراڵییەکانمان، پێناسی گومرگی و باجە گومرگییەکان هەموویان یەکخراون لە دەروازە فیدراڵییەکانمان و ئێستا ئێمە پشتی پێدەبەستین و بڕیاری 270ـمان جێبەجێ کردووە. یاسای پێناسی گومرگیشمان هەیە و پابەندین پێوەی و لەسەر ئاستی دەروازە فیدراڵییە دەریایی و وشکانی و ئاسمانییەکانمان یەکخراون.
 
رووداو: بەڵام دیارە رێژەی گومرگ لەسەر کاڵا چەندە و چ کارئاسانییەکتان کردووە لە گومرگی سەر کاڵاکان؟
 
سامر قاسم تائی: وەک بەڕێزتان دەزانن، پێناسی گومرگی لەسەر ئاستی هەموو کاڵایەک جیاوازە. پێناسەیەکی یەکخراومان نییە بۆ هەموو کاڵاکان. هەموو کاڵایەک پێناسەیەکی گومرگی خۆی هەیە بەپێی یاسای گومرگ. گۆڕانکاری هەیە لە کاڵاکاندا بەپێی پێویست. پاراستنی بەرهەم بەدواداچوونی بۆ دەکرێت بەپێی ئەو بڵاوکراوەیەی لە کشتوکاڵ و پیشەسازییەوە دەردەچێت سەبارەت بە پاراستنی بەرهەم. بۆیە رێژەیەکی جێگیر نییە بۆ هەموو ئەو کاڵایانەی هاوردە دەکرێن بۆ عێراق. پێناسەکان جیاوازن سەبارەت بە هەر کاڵایەک بەپێی پێناسەکەی کە لە یاسای گومرگدا هاتووە.
 
رووداو: تێكڕای نرخی گومرگ لەسەر کاڵایەک چەندە؟ بۆ نموونە پێشتر 5٪ بوو، ئێستا دەتوانین بزانین چەندە؟
 
سامر قاسم تائی: حکومەتی فیدراڵی لە کاتی دیاریکردنی پێناسی گومرگی و کاڵا سەرەکییەکان رەچاوی ئەوەی کردووە کە رێژەی گومرگ بۆ زۆربەیان 0.5٪ بێت بۆ کاڵا پێویستەکان و دەرمانەکان. بۆ ئەو بابەتانەی پەیوەندیی راستەوخۆشیان بە هاووڵاتییان و پێداویستییەکانیانەوە هەیە، پێناسی گومرگی لەلایەن دەوڵەتەوە پشتگیری دەکرێت و لە نێوان 0.5٪ بۆ 1٪ دەبێت بۆ مادە خۆراکییەکان. هەروەها کاڵا ناپێویستییەکان هەن کە بە جوانکاری و تەواوکاری ناویان دەبەین وەک ئۆتۆمبێل و کاڵاکانی پەیوەست پێیەوە، ئەم جۆرە کاڵایانە بە ناپێویست دادەنرێن. کاڵا جوانکارییەکان رێژەی پێناسی گومرگی لەسەریان زیاترە لە کاڵا پێویستەکان و لە 10 بۆ 15% دەبێت. بەڵام ئەوانەی راستەوخۆ پەیوەندییان بە پێداویستی هاووڵاتیانەوە هەیە وەک دەرمان و مادە خۆراکییەکان لە نێوان 0.5٪ بۆ 1٪ دەبن لە باشترین حاڵەتدا.
 
رووداو: فەرمووت لە نێوەڕاستی قۆناخی دووەمی ئەسیکۆداین. ساڵی داهاتووش قۆناخی سێیەم دەستپێدەکات. قۆناخی دووەم و سێیەم چین بەر لەوەی باسی هەرێمی کوردستان بکەین؟
 
سامر قاسم تائی: قۆناخی دووەمی سیستمی ئەسیکۆدا بریتییە لە بە ئۆتۆماتیکیکردنی ئەو فەرمانگانەی پەیوەندییان بە کارکردنی گومرگ و بەڕێوەبردنی مەترسییەکانەوە هەیە. ئێستا سەرجەم ئەو فەرمانگانەی لە دەروازە سنوورییەکان و ناوەندەکاندا کاردەکەن، بەشێکن لە سیستمی ئەسیکۆدا، کە بریتین لە کشتوکاڵ، تەندروستی، دەستەی پێوانە و کۆنترۆڵی جۆری. ئەمانە هەموویان بە سیستمی ئەسیکۆدا بەستراونەتەوە و ئێستا ئاڵوگۆڕی داتا و زانیاری لە رێگەی ئەم سیستمەوە دەکرێت. ئەم کارمەندانە راهێنانیان پێکراوە و ژێرخانی پێویستیان بۆ دابین کراوە بۆ سەرکەوتنی ئەم سیستمە. قۆناخی دووەم بریتییە لە بەستنەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان وەک دەستەی پێوانە، کۆنترۆڵی جۆری، وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی کشتوکاڵ. لایەنەکانی دیکە و قۆناخێکی دیکەش، کە بریتییە لە بەڕێوەبردنی مەترسییەکان، ئێستا ئێمە لە قۆناخی کۆتایی دا لە کارکردنین تێیدا. بەڵام قۆناخی سێیەم قۆناخی کۆتایی دەبێت کە بریتییە لە دەروازەی یەکگرتوو. بەمە دەبێتە دەروازەیەک لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانەی کە پرسیار دەکەن و مامەڵە لەگەڵ سیستمی ئەسیکۆدادا دەکەن. ئەمەش بە شێوەیەکی بەرچاو یارمەتیدەر دەبێت لە کەمکردنەوەی دەستکاریکردن و ساختەکاری لە مامەڵە گومرگییەکاندا. ئێستا لە کاری گومرگ کارکردنی کاخەزی و نووسراو نەماوە و بووەتە ئەلیکترۆنی، ئەمەش کە ئێستا کاری لەسەر دەکرێت و پەسند کراوە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی گومرگ.
 
رووداو: ئێستا لە هەموو دەروازە سنوورییەکانی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان، چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە یان لە چەند دانەیەکیان جێبەجێ دەکرێت؟
 
سامر قاسم تائی: سیستمی ئەسیکۆدا لە سەرجەم ناوەندە گومرگییە فیدراڵییەکاندا جێبەجێ کراوە، لەوانەش ناوەندەکانی هاوردەکردن و ناوەندەکانی هەناردەکردن، تەنانەت هەناردەکردنیش ئەمڕۆ بە بەئەلیکترۆنی کراوە و بە سیستمی ئەسیکۆدا بەستراوەتەوە. بەڵام سەبارەت بە دەروازەکانی سەر بە هەرێمی کوردستان، هاوئاهەنگیی راستەوخۆ و بەردەواممان هەیە لەگەڵ برایان لە هەرێمی کوردستان و گومرگەکانی هەرێمی کوردستان. کۆبوونەوەکانیشمان بەردەوامن. ئاراستەی حکومەت بریتییە لە هاوکاری و پێشکەشکردنی پشتگیری بۆ حکومەتی هەرێم و یارمەتیدانی لە بە ئەلیکترۆنیکردنی گومرگەکانی هەرێم. هاوئاهەنگیمان هەیە لەگەڵ برایان لە هەرێم، بەڵام تاوەکو ئێستا دەروازەکانی هەرێم بەپێی سیستمی ئەسیکۆدا بەئەلیکترۆنی نەکراون. لیژنەی هاوبەش پێکهێنراون بەپێی رێنماییەکانی بەڕێز سەرۆکوەزیران و رێنماییەکانمان بۆ دابینکردنی پشتگیری تەواو و هاوکاری و هاوئاهەنگیی لەگەڵ گومرگەکانی هەرێمی کوردستان.
 
رووداو: لەگەڵ هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە رێککەوتن؟
 
سامر قاسم تائی: نەخێر، کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ هەرێم لە قۆناخی سەرەتاییدان سەبارەت بە بەئەلیکترۆنیکردنی ناوەندەکانی هەرێم و بەستنەوەیان بە سیستمی ئەسیکۆدا. کۆبوونەوە لەم بارەیەوە کراون، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ شتێک جێبەجێ نەکراوە، تەنیا کۆبوونەوە و هاوئاهەنگی کراون. دەزانن ئەم سیستمە ئەگەر جێبەجێ بکرێت لە گوندیشدا، پێویستی بە کات و ژێرخان و هاوئاهەنگییەکی زۆر هەیە بۆ جێبەجێکردن. هاوئاهەنگی و هاوکاریی بەردەوامە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێم یان گومرگەکانی هەرێم دەستیان نەکردووە بە هاتنەنێو سیستمی ئەسیکۆدا و بەئەلیکترۆنیکردنی ناوەندەکانیان و بەستنەوەیان بە سیستمی ئەسیکۆدا کە لە حکومەتی فیدراڵیدا پەسند کراوە.
 
رووداو: بەڕێز تائی، لە گفتوگۆکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەبارەی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە چ ئاستێکدایە؟
 
سامر قاسم تائی: حکومەتی فیدراڵی سیستمی ئەسیکۆدای لە ساڵی 2023 جێبەجێ کردووە، واتە ئەویش تازە جێبەجی کردووە. لە ساڵی 2022 رێککەوتننامەی بەئەلیکترۆنیکردنی گومرگەکان لە حکومەتی فیدراڵیدا و سیستمی ئەسیکۆدا لەگەڵ رێکخراوی ئۆنکتاد و نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کرا. ئێستا وەک بەڕێزتان فەرمووتان، ئێمە لە قۆناخی دووەمداین، واتە ئێستا تەنانەت لە دەروازە فیدراڵییەکانیشدا سیستمی ئەسیکۆدا بە تەواوی تەواو نەبووە. بەڵام ئەرکەکانی بە باشی دەکات، ناوەندە گومرگییەکان بەئەلیکترۆنیکراون، بەڵام سیستمی ئەسیکۆدا ئێستا لە قۆناخی دووەمدایە و پشتیوان بەخودا لە ساڵی داهاتوودا دەچێتە قۆناخی سێیەم. بەڵام هەرێم تاوەکو ئێستا نەهاتووەتە نێو سیستمی ئەسیکۆدا و رێکارە گومرگییەکانی بەئەلیکترۆنی نەکردووە. ئێمە ئێستا لە سایەی ئەو بەئەلیکترۆنییەی کراوە، چەندین بابەتمان دەرکردووە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێم سەبارەت بە وەرگرتنی پێناسی گومرگی پێشوەختە کە لە 1/12 جێبەجێ دەکرێت. بۆیە پێویستە برایان لە هەرێم پەلە بکەن لە بەستنەوەی گومرگەکان بە سیستمی ئەسیکۆداوە بۆ ئەوەی هاوئاهەنگی و ئاسانکاری بۆ جووڵەی بازرگانی لە نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵیدا هەبێت.
 
رووداو: دەرفەت چەند ماوە لەبەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی ئەو سیستمە؟ ئەگەر ئەو دەرفەتەش تەواو بێت چی روودەدات؟
 
سامر قاسم تائی: کاتی دیاریکراو نییە کە هەرێم ناچار بکرێت جێبەجێی بکات. بە پێچەوانەوە، ئێستا ئێمە لە هاوئاهەنگی راستەوخۆ و بەردەوامداین لەگەڵ برایان لە هەرێم و هەموو رێکارەکان ئاسان دەکەین سەبارەت بە چوونە ناو سیستمی ئەسیکۆدا لە بابەتی ناسنامەی باج و ناسنامەی هاوردەکردن. ئاراستەی حکومەت هاوکاریکردنە لەگەڵ کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان و بە بەشێک لە عێراق دادەنرێن و کۆمپانیای عێراقین و بەپێی یاسا عێراقییەکان دامەزراون. وەک هەر کۆمپانیایەکی عێراقیش مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت کە کارەکانی دەکات. بەڵام وەک دەزانن، چوونە ناو سیستمی ئەسیکۆدا پێویستی بە ناسنامەی باج و ناسنامەی هاوردەکردن هەیە. ئێستا هاوئاهەنگی هەیە سەبارەت بە وەرگرتنی کۆد لەلایەن کۆمپانیا کوردییەکانەوە بۆ هێنانی کاڵا و گومرگکردن لە رێگەی سیستمی ئەسیکۆداوە. بەڵام ئەمانە چارەسەری کاتین و ئومێدەوارین هەرێم گومرگەکانی بە سیستمی ئەسیکۆداوە ببەستێتەوە بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاڵوگۆڕی زانیاری و هاوئاهەنگی لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمدا ئاسان بێت سەبارەت بە رێکارە گومرگییەکان.
 
رووداو: بەرێز تائی، لە هەرێمی کوردستان دەگوترێ بەرەوپێشچوون هەیە لەبارەی کۆدی گومرگی و یەکخستنی. ئێستا بازرگانان چی بکەن؟
 
سامر قاسم تائی: هاوئاهەنگی کراوە لەگەڵ گومرگەکانی هەرێم سەبارەت بە بابەتە هونەرییەکان و ئەمەش پەیوەستە بە رادەی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لەلایەن هەرێمەوە. ئەمڕۆ هەرێم ئەگەر سیستمی ئەسیکۆدا جێبەجێ بکات، سەرجەم ئەم کێشانە چارەسەر دەکرێن، ئەوەش تەنیا بە پەسندکردنی ئەم سیستمە و هاوئاهەنگی و بەستنەوەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی.
 
رووداو: ئەو کۆدە چۆن دەکەیتەوە بۆمان؟ بابەتی کۆد لەگەڵ هەرێمی کوردستان یەکلایی کراوەتەوە؟ چونکە ئەمە یەکێکە لە مەرجەکانی یەکخستنی گومرگ.
 
سامر قاسم تائی: رێککەوتنێک هەیە لە نێوان دەستەی باج و هەرێم سەبارەت بە بەدەستهێنانی ناسنامەی باج. ئێستا هاوئاهەنگی بەردەوامە بەپێی زانیارییەکانمان لە نێوان دەستەی باج لە حکومەتی فیدراڵی دا لەگەڵ هەرێم بۆ چارەسەرکردنی ئەمە.
 
رووداو: ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەند نەبێت بە سیستمی ئەسیکۆدا، رەنگە بازرگانانی کورد نەتوانن دۆلار بە نرخی فەرمی وەربگرن، ئەمە وا دەکات بازرگانان روو لە بازاڕی هاوتەریب بکەن بۆ دەستخستنی دۆلار؟
 
سامر قاسم تائی: جێبەجێکردنی بابەتی وەرگرتنی گومرگی پێشوەختە لە یەکی مانگی 12ـی ئەم ساڵ دەبێت. ئێمە ئێستا لە کۆبوونەوەی بەردەوامداین لەگەڵ برایان لە هەرێم بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی جێگرەوە بۆ بابەتی گۆڕینەوەی دراو تاوەکو کاتی هاتنی هەرێم بۆ نێو سیستمی ئەسیکۆدا. هاوئاهەنگی بەردەوامە لە نێوان گومرگەکان لە حکومەتی فیدراڵی دا و گومرگەکانی هەرێم. کۆبوونەوەکان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی جێگرەوە و خێرا و کاتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گۆڕینەوەی دراو بۆ کۆمپانیا کوردییەکان.
 
رووداو: 1ی 12 دوایین مۆڵەتە بۆ هەرێمی کوردستان؟
 
سامر قاسم تائی: نەخێر، ئەمە تایبەت نییە بە هەرێمی کوردستان، بەڵکو هەموو بازرگانانی عێراقی بەبێ جیاوازی لە نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی دەگرێتەوە، کە هەر پرۆسەیەکی هاوردەکردن لە رێگەی وەرگرتنی گومرگی پێشوەختەوە دەکرێت لە 1ی مانگی 12ـەوە بۆ هەموو بازرگانانی عێراقی.
 
رووداو: 1ـی 12 دوایین مۆڵەتە بۆ هەموو بازرگانان؟
 
سامر قاسم تائی: بەڵێ بۆ هەمووان بەبێ جیاوازی و نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان.
 
رووداو: دوای 1ـی 12 چی روودەدات؟
 
سامر قاسم تائی: نزیکەی مانگێکمان ماوە بۆ جێبەجێکردنی. کۆبوونەوەی بەردەوام و هاوئاهەنگیی بەردەواممان هەیە لەم بوارەدا. پێموایە چارەسەریی هونەری بۆ ئەم بابەتە دەدۆزینەوە. بەڵام هیوادارین گومرگەکان لە کوردستان بەئەلیکترۆنی بکرێن و بە سیستمی ئەسیکۆدا ببەسترێنەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بە شێوەیەکی بنەڕەتی.
 
رووداو: هەمووان سەرقاڵی هەڵبژاردنن، بۆیە پێشبینی دەکەم 3ـی 12 بێت و هیچی ئەوتۆ نەکرابێت. تۆ چی دەڵێیت؟
 
سامر قاسم تائی: ئێمە، گومرگەکان لە حکومەتی فیدراڵی دا و گومرگەکانی هەرێم، دامەزراوەی تەکنیکین و دەستوەردانی سیاسی ناکرێت و کارەکانمان بەردەوامن. بابەتی هەڵبژاردن کاریگەری نەبووە لەسەر هاوئاهەنگی و کۆبوونەوە بەردەوامەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە گرنگە. پێشموانییە کاریگەری هەبێت. پشتیوان بە خودا چارەسەر دەدۆزینەوە، ئەمەش پەیوەستە بە رادەی هاوکاریی برایان لە هەرێمی کوردستان و برایان لە گومرگەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵمان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە گرنگە.