زیاتر لە 25 هەزار کەس یاسای خانەنشینی دەیانگرێتەوە و مووچەی مانگی یەک وەرناگرن
رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 25 هەزار کەس یاسای خانەنشینی دەیانگرێتەوە و مووچەی مانگی یەک وەرناگرن؛ ئەوانەش ئەو فەرمانبەرانەن کە دەستهەڵگرتنیان لە 31-12-2024 بۆ کراوە، لە کاتێکدا 22 رۆژی مانگی یەک دەوامیان کردووە، واتە مووچەی 22 رۆژەکەیان فەوتاوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، کە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە وەریگرتووە، ژمارەی فەرمانبەرەکان زیاتر لە 25 هەزار کەسن، تاوەکو ئێستاش هیچ بڕیارێک نییە بۆئەوەی مووچەی ئەو 22 رۆژەیان بۆ خەرج بکرێت؛ لە کاتێکدا مووچەی مانگی 12شیان وەرنەگرتووە.
سەبارەت بە کێشەی خانەنشینان کە وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، ئیمتیازاتی یاسای خانەنشینی تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە کە لەدوای 23-11-2022وە خانەشین بوون. رووداو لە سەرچاوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە زانیویەتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا سەرقاڵی نووسینی سکاڵایەکە بۆ دادگەی فیدراڵی و چەند خاڵێک دەخەنەڕوو.
لە سکاڵاکەدا ئاماژە بەوە دەکرێت: یەکەم، بەگوێرەی دەستووری عێراق دەبێت هەموو هاووڵاتییان یەکسان بن لە مافدا، ناکرێت هاووڵاتییەکی عێراق ئیمتیازاتی خانەنشینی بەگوێرەی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو وەربگرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان وانەبێت؛ دووەم، ناکرێت لە وڵاتێکدا دوو یاسا بەرکاربن و هەردووکیان پەیوەندیداربن بەیەک، لە کاتێکدا بە دەرچوونی یاسای خانەشینی یەکگرتووی عێراق، یاسای خانەشینی ساڵی 2006 هەڵدەوەشێتەوە کە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی پێ خانەنشین کراوە.