ئۆنسەیەک زیو نزیکەی 15 دۆلار دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە لەگەڵ کرانەوەی بازاڕەکانی ئاسیادا نرخی ئۆنسەیەک زیو 13 دۆلار، یاخود 14.50٪ دابەزی و بە 75.50 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بۆ رادەستکردنی لە مانگی ئادار، بۆ 73.83 دۆلار دابەزی.
ئێستا کیلۆیەک زیو لە بازاڕەکانی جیهانیش بە 2,437 دۆلارە.
ئەم دابەزینە لەکاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ ئۆنسەیەک زیو ئاستی 92 دۆلاری تێپەڕاندبوو، دوو رۆژی لەسەریەکیش بوو نرخەکەی لە بەرزبوونەوە بوو.
دابەزینی نرخی زیو لە کاتێکدایە کە کانزا بەنرخەکانی دیکەش رووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی فرۆشتن و ناسەقامگیری بوونەتەوە. شارەزایانی ئابووری پێیان وایە، سەرەڕای هیوای هەندێک لە کڕیاران بۆ کڕینی کانزاکان لە کاتی دابەزینی نرخدا، بەڵام پێناچێت ئەم دابەزینە بەمزووانە بوەستێت.
هۆکاری سەرەکیی ئەم دابەزینە بۆ بەهێزبوونی نرخی دۆلاری ئەمریکی دەگەڕێتەوە، ئەوەش بەهۆی بەربژێرکردنی کێڤن وارش بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی بانکی ناوەندیی ئەمریکا کە بە کەسێکی تووند لە سیاسەتی نەختینەیی ناسراوە و نیگەرانیی لای بازرگان و وەبەرهێنەران دروستکردووە، بۆیە پێشبینی دەکرێت لە کەمکردنەوەی رێژەی سوود بە خاوی هەنگاو بنێت.
جگە لە هۆکارە ئابوورییەکان، رەوشی سیاسیی جیهانیش کاریگەری هەبووە لەسەر دابەزینی نرخی زیو؛ دوای ئەوەی ئەمریکا و ئێران بڕیاریاندا رۆژی هەینی خولێکی نوێی گفتوگۆکان دەستپێبکەن، گرژییە جیۆسیاسییەکان تاڕادەیەک خاوبوونەتەوە.
هەرچەندە تاران دەیەوێت گفتوگۆکان تەنیا لە چوارچێوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا بن، بەڵام واشنتن داوا دەکات پرسی مووشەکی بالیستی، پشتگیریکردنی گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەکە و دۆسیەی مافەکانی مرۆڤیش بخرێنە ناو کارنامەی کۆبوونەوەکانەوە. ئەم هێوربوونەوەیە بووەتە هۆی ئەوەی پەنابردن بۆ کانزا بەنرخەکان وەک پەناگەیەکی ئارام کەمتر ببێتەوە.