ئۆنسەیەک زێڕ زیاتر لە 100 دۆلار دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی ئۆنسەیەک زێڕ زیاتر لە 100 دۆلار دابەزی و بە 4870 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بەیانیی ئەمڕۆ زێڕ ئاستی 4815 دۆلاریشی تۆمارکردبوو.
لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بۆ رادەستکردنی لە مانگی نیسان، ئۆنسەیەک زێڕ بە 4873 دۆلارە.
ئەمە لەکاتێکدایە ئێوارەی دوێنێ ئۆنسەیەک زێڕ ئاستی 5087 دۆلاریشی تۆمارکردبوو.
دابەزینی نرخی زێڕ دوای ئەوە هات کە بانکى ناوەندیی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد لە پرسی کەمکردنەوەی سوودی بانکی دا بە وریاییەوە هەنگاو دەنێت، ئەمەش وایکرد وەبەرهێنەران دەست بکەن بە فرۆشتنی زێڕەکانیان.
لیسا کووک، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگارانی بانکەکە رایگەیاند، پشتگیری لە کەمکردنەوەی زیاتری رێژەی سوودی بانکی ناکات. ئەو پێیوایە مەترسییەکانی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان لە پێشینەی کارەکاندایە، تەنانەت ئەگەر ئاماژەکانی خاوبوونەوەش لە بازاڕی کاردا هەبن.
هاوکات، بڕیاری دۆناڵد ترەمپ بۆ بەربژێرکردنی کێڤن وارش وەک سەرۆکی داهاتووی بانکى ناوەندیی ئەمریکا، کاریگەری لەسەر بازاڕەکان دروستکردووە.
وارش بەوە ناسراوە لە سیاسەتی دارایی دا "سەختگیرتر"ـە، ئەمەش وایکردووە بازاڕەکان پێشبینی بکەن کە پڕۆسەی کەمکردنەوەی رێژەی سوود خاو بێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، ئەگەر وارش لایەنگری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بووایە، بەربژێری نەدەکرد.
لەسەر ئاستی سیاسیش، گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران بەردەوامن، هەرچەندە بڕیارە رۆژی هەینی لە عومان گەڕێکی نوێی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان دەستپێبکات، بەڵام هێشتا ئەمریکا ئەگەری هێرشی سەربازی بەدوور نەزانیوە، ئەمەش دڵەڕاوکێی لای وەبەرهێنەران دروستکردووە.