جەنگ ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێمی کوردستان و ئێرانی زیاتر لە 50% کەمکردووەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران دەڵێ، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستان ساڵانە نزیکەی 4 ملیار دۆلارە و ئێستا بەهۆی جەنگەوە زیاتر لە 50% کەمیکردووە. ئاماژە بەوە دەکات، رێگەی جێگرەوە بۆ هاوردەکردن هەیە و مەترسی نییە.
 
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە، 5ـی ئاداری 2026،  بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هاوردەکردن لە دەروازەی باشماخ بەردەوامە و تاوەکو ئەمڕۆ رانەگیراوە".
 
بە گوتەی مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، رۆژانە 500 بارهەڵگر شتومەک لە رێگەی دەرەوازەی باشماخەوە لە پارێزگای سلێمانی هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
 
لە دوای جەنگەکەوە، هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانیی لەنێوان دەروازەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و ئێرانەوە راگیراون، لەوانە دەروازە نێودەوڵەتییەکانی حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر و پەروێزخان لە پارێزگای سلێمانی.
 
بەگوێرەی داتای یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، رۆژانە بە زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا هەبووە و ئێستا دابەزیوە بۆ کەمتر لە نیوەی.
 
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان گوتی: "هیچ پێویست ناکات خەڵک بترسێ و لە دڵەڕاوکێدا بێ، چونکە کەمترین خۆراک و پێداویستی لە ئێرانەوە هاوردەکراوە و ئەوی دیکەی وڵاتانی دیکە بووە و ئێستاش هاوردەکردن لە رێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە بەردەوامە".
 
دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لە پارێزگای دهۆک، هەرێمی کوردستان و تورکیا پێکەوە دەبەستێتەوە. مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان گوتی: "ئێستا لە ئیبراهیم خەلیل و باشماخەوە هێندە هاوردە زیادیکردووە قەرەبووی داخرانی دەروازەکانی دیکەی ئێران بکاتەوە".