LG واز لە بەرهەمهێنانی مۆبایل دەهێنێت

رووداو دیجیتاڵ
 
کۆمپانیای ئێل جی تایبەت بە بەرهەمهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنی و کارەباییەکان، ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند بە تەواوەتی واز لە بەرهەمهێنانی مۆبایل دەهێنێت، چونکە ئەو بەشەی کۆمپانیاکە بەردەوام زیانی بۆی هەبووە و هیچ قازانجێکی بۆ کۆمپانیاکە دەستەبەرنەکردووە.
 
کۆمپانیای ئیل جی بەو پێیە دەبێتە یەکەم کۆمپانیای تایبەت بە بەرهەمە کارەبایی و ئەلیکترۆنییەکان کە بە فەرمی لە بازاڕی مۆبایل دەکشێتەوە.
 
وازهێنانی کۆمپانیای ئێل جی لە بەرهەمهێنانی مۆبایل دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە 10%ی پشکی کۆمپانیای ئێل جی لە بازاڕی مۆبایلی ئەمریکا لەلایەن دوو گەورە کۆمپانیای ئەپڵ و سامسۆنگ پڕبکرێتەوە.
 
لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا لقی بەرهەمهێنانی مۆبایلی ئێل جی بۆ کۆمپانیاکە نزیکەی 4 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار زیانی هەبووە. لەبەر ئەوەش بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای ئێڵ جی بڕیاریان داوە، کە کۆتایی بە بەرهەمهێنانی مۆبایل بهێنن.
 
ئێڵ جی، سێیەم گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی ئامێرە کارەبایی و ئەلیکترۆنییەکانە لە جیهاندا. ساڵی 2013 بۆ یەکەمجار مۆبایلی زیرەکی بەرهەمهێنا.