وەزارەتى دارایی عێراق خشتەى بودجەى 2025 بۆ حکومەت دەنێرێت


رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دارایی عێراق خشتەى بودجەى ساڵى 2025 رەوانەى حکومەت دەکات بۆ ئەوەى دواتر لە رێگەى پەرلەمانەوە دەنگى لەسەر بدرێت. بەگوتەى ئەندامێکى لیژنەى دارایی، ئەو هەنگاوە کاتەکەى بەسەرچووە و خەرجکردنى پارە بەبێ پەسندکردنى بودجە "نایاساییە".
 
بەگوێرەى نووسراوێک کە وەزارەتى دارایی فیدراڵ لە 28ى نیسانى 2026، ئاراستەى ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجوومەنى وەزیرانى کردووە، خشتەى یاسایى بودجەى گشتی بۆ ساڵى 2025ـی بۆ ناردوون.
 
ئەو نووسراوەى وێنەیەکی دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە. هاوپێچ لەگەڵ نووسراوەکەدا شەش خشتەى یاسایى بودجەى تێدایە کە وردەکاریی تەرخانکردنی دارایی تێدایە.
 
پەرلەمانی عێراق خشتەى بودجەى هەردوو ساڵى 2023 و 2024ـی پەسند کرد، بەڵام خشتەى بودجەى 2025ـی تاوتوێ نەکرد، چونکە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆى نەنێردرابوو.
 
بەگوێرەى یاسای کارگێڕیی دارایی عێراق، دەبوو ئەو خشتانە سەرەتاى ساڵى 2025 رەوانەى پەرلەمان بکرایە بۆ تاوتوێ و پەسندکردنی.
 
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، هاوپێچەکانیان خشتەى کورتهێنان و پێشبینیی بودجەى گشتی بۆ ساڵى 2025ـی تێدایە و ناردنی بۆ ئەوەیە کە لە پەرلەمانى عێراق پەسند بکرێت.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوی رایگەیاند، ئەو نووسراوەیان بە فەرمى پێنەگەیشتووە و بابەتەکە پرسێکی یاسایییە، ئەگەرنا ماوەکەى تێپەڕیوە و دەبوو ساڵى 2025 لە پەرلەمان پەسند بکرایە و ئەو هەنگاوە تەنیا رێکارێکی یاسایی دەبێت.
 
جەمال کۆچەر رایگەیاند، بەگوێرەى یاسای بودجە، خەرجکردنی پارەى بودجەى ساڵى 2025 بەبێ پەسندکردنی خشتەکان نایاسایییە و ئەو خشتانەى دەنێردرێن هەمان زانیاریی ئەو راپۆرتانەیە کە وەزارەتى دارایی فیدراڵ سەبارەت بە خەرجی و داهات بڵاوی کردووەتەوە.
 
بەگوێرەى راپۆرتى خەرجی و داهاتى عێراق بۆ ساڵى 2025 کە وەزارەتى دارایی فیدراڵ بڵاوی کردووەتەوە، خەرجییەکانی لەو ساڵەدا گەیشتووەتە 141 تریلیۆن دینار و زیاتر لە 17 تریلیۆن دیناریش کورتهێنانى هەبووە.