نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بەرزبووەوە بۆ 3336 دۆلار

رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ رۆژی هەینی لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا بەڕێژەی 0.3٪ بەرزبووەوە.
 
دابەزینی بەهای دۆلاری ئەمریکی و نزیکبوونەوە لە دوادەرفەرتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەسەر گەڕانەوەی پێناسە گومرگییەکان کە هەڵی پەساردبوو، رۆژی هەینی نرخی زێڕی بەرزکردەوە بۆ 3336 دۆلار.
 
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بەرزبووەوە بۆ 3346 دۆلار.
 
پێنوێنی دۆلار کە بەهای دۆلار بەرامبەر بە شەش دراوی سەرەکیی جیهان دەپێوێت رۆژی هەینی بەڕێژەی 0.2٪ دابەزی و بەوپێیەش بۆ دوو هەفتەی یەک لەدوای یەک بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە دادەبەزێت.
 
ریکاردۆ ئیڤانجیلیستا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (ئەکتیڤ ترەیدەر) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "نیگەرانی لە رەوشی ئابووریی ئەمریکا دوای پەسندکردنی یاسا جوانە گەورەکەی ترەمپ و نزیکبوونەوە لە 9ـی مانگ کە دوا دەرفەتی سەرۆکی ئەمریکایە بۆ وڵاتان ئەگەر رێکنەکەون، پێناسە گومرگییەکانیان بەسەردا دەسپێندرێتەوە، خواستی بۆ کڕینی زێڕ بەرزکردووەتەوە."
 
داتا ئابوورییەکانی ئەمریکاش دەریانخست کە زۆربەی ئەو هەلانەی کارکردن کە لە مانگی شەش رەخساون، لە کەرتی حکومیدا روویداوە و تەنیا رێژەیەکی کەمی لە کەرتی تایبەت بووە، ئەوەش نیگەرانی لەسەر رەوشی ئابووریی ئەمریکا دروستکردووە کە دابەزینی بەهای دۆلاری لێکەوتووەتەوە.

دوایین جار کە سەندیکای زێڕنگران لە 3ی تەممووزی 2025 نرخی زێڕی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دیاریکرد، نرخی مسقاڵێک بەم شێوەیە بوو:

یەک ئۆنسە زێڕ: 3360 دۆلار (نرخی 100 دۆلار بە 140,850 دینار دانراوە)

مسقاڵێک زێڕی عەیار 22: 695,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21: 665,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18: 570,000 دینار