نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ نزیکەی 68 دۆلار دابەزی

رووداو دیجیتاڵ

رۆژی هەینی نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 50 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 68 دۆلارو 30 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە هەمان رێژە دابەزی و بە 66 دۆلار و 50 سەنت مامەڵەی پیوەکرا.
 
لە رۆژی هەینی قەبارەی مامەڵەکان بەهۆی پشووی رۆژی سەربەخۆیی ئەمریکاوە کەم و سنوورداربوون.
 
رۆژی شەممە، 5ـی تەممووزی 2025 بڕیارە هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس کۆببێتەوە و بریار لەسەر بڕی خستنەڕووی نەوت لە مانگی ئاب بدات. 
 
بەپێی چەندین سەرچاوە بە ئەگەری زۆرەوە ئەمڕۆش بڕیار دەردرێت رۆژانە 411 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتر بخرێتە بازاڕەکانەوە.
 
تاماس ڤارگا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (پی ڤی ئێم) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئەگەر ئۆپێک پڵەس بڕیار بە زیادکردنی رۆژانە 411 هەزار بەرمیل نەوتی دیکە بدات، ئەوە دەبێتە هۆکار بۆ زیادبوونی قەبارەی نەوت لە بازاڕەکاندا و کۆگاکانی نەوت لە بازاڕە جیاجیاکاندا پڕدەکاتەوە."
 
بەپێی تاماس ڤارگا، بازاڕی نەوت هەروەها کاریگەری راپۆرتێکی ماڵپەری (ئاکسیۆس)ـی ئەمریکی لەسەرە کە ئاشکرای کردووە ئیدارەی ترەمپ بریارە لە گەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران کۆببێتەوە و دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی ئێران لەگەڵ ئەمریکا دەستپێبکاتەوە."