بۆ یەکەمجار لە مێژوودا لە بێرمینگهام کۆنفرانسێک لەنێوان بازرگانانی دیاسپۆرانشینی کورد و بەریتانیا کرا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە شاری بێرمینگهامی بەریتانیا بۆ یەکەمجار لە مێژوودا کۆنفرانسێک لەنێوان بازرگانانی دیارسپۆرانشینی کورد و بازرگانانی بەریتانی سازکرا، کۆمەڵەی کوردی لە بەریتانیا رێکخەری کۆنفرانسەکە بوون.
 
هاوژین مستەفا، بەرپرسی بەدواداچوون لە کۆمەڵەی کوردیی بەریتانیا دەڵێت، "ئامانجمان لە رێکخستنی ئەم کۆنفرانسە ئەوەیە کە ببینە پردێکی پەیوەندی لەنێوان بازرگانانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا، دەمانەوێت وەبەرهێنەران لە بەریتانیاوە بتوانن بە ئازادی بچنە کوردستان و وەبەرهێنان بکەن، هەروەها بە پێچەوانەشەوە، بازرگانانی هەرێمی کوردستان بتوانن بێنە بەریتانیا و لێرە وەبەرهێنان ئەنجام بدەن."
 
زیاتر لە 120 کارساز، بازرگان و سیاسەتڤانی بەریتانی تێیدا بەشدارن، کە شارەداری وێست میدلاندز یەکێکە لەوان.
 
ریچارد پارکەر، شارەداری وێست میدلاندز دەڵێت، "ئەمڕۆ وەکو شارەداری وێست میدلاندز لێرەم، ویستم بەخێرهاتنی گشت شاندەکانی ئەم کۆنفرانسە بکەم و جەخت لەوە بکەمەوە کە کۆمەڵگەی کوردی لە بێرمینگهام و ناوچەکەماندا خاوەن پێگەیەکی گرنگە، دەمەوێت پەیوەندییەکی پتەوم لەگەڵ کوردی ئێرە هەبێت، تاوەکو باشتر لە یەکدی تێبگەین و دەرفەتی بازرگانی بۆ هەردوولا بڕەخسێنین؛ هەم بۆ ئێرە و هەم بۆ کوردستان، واتە، بزانین چۆن دەتوانین لەگەڵ کۆمپانیاکانی کوردستان کار بکەین و هاوکات دەرگایان بۆ واڵا بکەین کە ئەوانیش بێنە ئێرە."
 
لە بەریتانیا، بە گشتی کۆچبەران کەمتر خاوەنی کار و بزنسی گەورەن، زۆربەیان کاری کرێکاری دەکەن؛ لەگەڵ ئەمەشدا، لەنێو دیارسپۆرای کوردیدا کارساز و بازرگانی بەتوانا هەن، کە ئەمڕۆ لێرە ئامادەن، هەرچەندە هەندێک لە ئامادەبووان پێیان وایە دەبوو ژمارەی بازرگانە کوردەکان زیاتر بووایە، بەڵام پارێزگاری پێشووی لامبێس لە لەندەن، کە خۆی کوردە، رایەکی جیاوازی هەیە.
 
سەرباز بەرزنجی، پارێزگاری پێشووی لامبێس لە لەندەن دەڵێت، "ئێمە وەکو کۆمەڵگەیەکی نوێ لەم وڵاتەدا، بە نەوەی یەکەم (First Generation) دادەنرێین، کۆمەڵێک بەربەست هەن کە بازرگانە کوردەکان رووبەڕووی دەبنەوە؛ بۆ نموونە، بۆ ئەو کەسانەی تازە هاتوون، زمان رەنگە بەربەستی سەرەکی بێت، بەڵام ئەو بازرگانانەی کە ساڵانێکی زۆرە لێرەن و جێگیر بوون، کێشەکانیان هاوشێوەی کێشەی هەر بازرگانێکی دیکەی بەریتانیایە، هاوکات، بازرگانی زۆر سەرکەوتوومان هەیە کە لە بواری خۆیاندا زۆر پێشکەوتوون، بۆیە پێم وایە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئێمە نەوەی یەکەمی کۆچبەرین، ئاستێکی زۆر باشمان بڕیوە، بەڵام بێگومان دەتوانین زیاتر پێش بکەوین و ئەم جۆرە کۆنفرانسانەش بۆ ئەم مەبەستە زۆر یارمەتیدەرن."
 
فەرەیدوون رەزا، پارێزەرێکی بەشداربووی کۆنفرانسەکەیە و بەم شێوەیە باس لە بەربەستەکانی بەردەم کاری بازرگانیی کوردانی دیارسپۆرا لە بەریتانیا دەکات، "کۆمەڵێک هۆکاری جۆراوجۆر هەن کە وایان کردووە کورد بە گشتی، تائێستا لە بواری بازرگانیدا نەگاتە ئاستێکی زۆر بەرز، بەڵام بێگومان ئەم جۆرە کۆنفرانسانە دەرگایەکی نوێ دەکەنەوە بۆ خەڵکی کورد، کە خەڵکێکی زیرەک و بەتوانان، تاوەکو بتوانن لە بواری بازرگانی و وەبەرهێناندا کاری باشتر ئەنجام بدەن، من دڵنیام ئەمە پردێکی پەیوەندی دروست دەکات تا خاوەن کارەکان بیرۆکەکانیان بگۆڕنەوە، کارەکانیان فراوانتر بکەن و بەرهەمهێنانیان زیاد بکەن، بۆیە پێم وایە زۆر گرنگە کە ئەم جۆرە کۆنفرانس و کۆبوونەوانە بەردەوام بن."
 
لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، زۆرینەی کۆچبەرانی کورد لە لەندەن نیشتەجێ دەبوون، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا، ژمارەیەکی بەرچاوی کورد لە شارە پیشەسازییە گەورەکانی دیکەی بەریتانیادا کۆمەڵگەی خۆیان دروست کردووە، رۆژ لەدوای رۆژیش، لە رێگەی دامەزراوە کوردییەکانەوە، رۆڵ و پێگەی ئەم رەوەندە لەنێو ئەو کۆمەڵگایانەی تێیدا دەژین، زیاتر دەردەکەوێت."