یەک دۆلار بە نزیکەی 115 هەزار تمەن مامەڵەی پێوە دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر تمەنی ئێرانی ئەمڕۆ یەکشەممە 1900 تمەن، واتە بە رێژەی 1.62%، دابەزی بۆ 115 هەزار و 200 تمەن.
 
بەرزترین نرخی دۆلاری ئەمریکی لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا 117 هەزار و 100 تمەن بووە، نزمترین نرخیشی 114 هەزار و 900 تمەن بووە.
 
نرخی ئێستای دۆلاری ئەمریکی بەراورد بە هەفتەی رابردوو، بە رێژەی 3.46% بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە. هەروەها نرخی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە ماوەی 6 مانگی رابردوودا نزیکەی 8.86% بەرزبووەتەوە.
 
نرخی دۆلار لە رۆژی شەممەدا پاشەکشەی دەستپێکرد و بە 114 هەزار 700 تمەن مامەڵەی پێوەکرا. بەو پێیەش دوێنێ نرخی دۆلار 2400 تمەنی لێبووەوە و لە بەرزترین ئاستەکانی دوورکەوتەوە.
 
ئەم دابەزینە لە کاتێکدا روویدا کە بانکی ناوەندیی ئێران هەوڵیدا بە زیادکردنی خستنەڕووی دراوی بیانی لە بازاڕدا، کەشوهەوای بازاڕ ئارام بکاتەوە؛ بەڵام بازرگانانی دراو پێیانوایە هێشتا خواست بۆ کڕینی دۆلار لە بازاڕدا هەیە و چارەنووسی نرخی دۆلار زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پەیوەستە بە گۆڕانکارییە سیاسییەکان و کەشوهەوای دەروونی بازرگانان.
 
ئەو بازرگانانە دەڵێن، گۆڕانکاری لە نرخی دۆلار لە دۆخی ئێستادا پەیوەست نییە بە پێوەرە ئابوورییە ناوخۆییەکانەوە، بەڵکو زیاتر لە هەموو شتێک کاریگەری لە هەواڵە سیاسییەکان و ئاماژە دیپلۆماسییەکان وەردەگرێت.