تیکتۆک لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان نەگەیشتە رێککەوتن
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا داوای کڕینی تیکتۆکی کرد لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەمریکییەوە و، بەپێچەوانەوە بەرنامەکە لە ئەمریکا قەدەخە بکرێت. تاوەکو ئێستا کۆمپانیای بایت دانسی چینی نەیتوانیوە بگاتە رێککەوتن لەگەڵ هیچ کۆمپانیایەکی ئەمریکی و مۆڵەتی کۆمپانیاکەش کە لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە دوو هەفتە درێژکرابووەوە تەواو بوو.
پێشتر کۆمپانیای واڵمارت، ئۆراکڵ، مایکرۆسۆفت و چەند کۆمپانیایەکی دیکەی ئەمریکی سەرقاڵی دانوستاندن بوون لەگەڵ کۆمپانیا چینییەکە، بەڵام کۆمپانیاکان نەیانتوانیوە تاوەکو ئێستا لەسەر وردەکاری مامەڵەی نێوانیان رێکبکەون.
ئیدارەی ئەمریکا هەڕەشەی ئەوە دەکات کە خزمەتگوزارییەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک لە ئەمریکا رادەگرێت، ئەگەر کۆمپانیا ئەمریکییەکان نەتوانن زۆرینەی پشکەکانی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە بکڕن. چەندین جاریش دوامۆڵەتی بۆ کۆمپانیای بایت دانس درێژکردووەتەوە.
دۆناڵد ترەمپ لە 14ی مانگی ئابی ئەمساڵدا بڕیارێکی جێبەجێکاریی دەرکرد و تێیدا 90 رۆژ وەک وادە بۆ کۆمپانیای بایتدانسی چینی، خاوەن بەرنامەی تیکتۆک دانا تاوەکو چارەنووسی خۆی لە ئەمریکا یان بە فرۆشتن یان بە داخستنی دیاری بکات.
پێشتر ڤێنیسیا باباس، بەڕێوەبەری لقی تیکتۆک لە ئەمریکا بە تەنزەوە بە ترەمپی گوتبوو: ئاگایان لە هەڵمەتی پشتگیرییەکانیانە بۆ تیکتۆک و دەیانەوێت سوپاسیان بکەن، "بەڵام ئێمە هیچ نیازمان نییە لە ئەمریکا بڕۆین ئێمە هاتووین تاوەکو لێرە بمێنینەوە".
سەرەڕای ئەوەی دوایین دەرفەت کە ئیدارەی ئەمریکا خستبوویە بەردەم کۆمپانیاکە رۆژی هەینی رابردوو بوو، بەڵام تاوەکو ئێستا خزمەتگوزاییەکانی تیکتۆکی لە ئەمریکا رانەگرتووە.
هەروەها جگە لە کۆمپانیای تیکتۆک، ئیدارەی ئەمریکا چەندین کۆمپانیای گەورەی تەکنۆلۆژیای چینی وەک هواوی، بەرنامەی ویچات و عەلی بابا خستووەتە لیستی رەشەوە.