رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای بایتدانس، خاوەنی ئەپڵیکەیشنی تیکتۆک وەڵامی سەرۆکی ئەمریکای دایەوە کە گوتبووی، ئەپڵیکەیشنەکە قەدەخە دەکەن، کۆمپانیاکە دەڵێت، ئەوان لە ئەمریکان و دەشمێننەوە.
ڤێنیسیا باباس، بەڕێوەبەری لقی تیکتۆک لە ئەمریکا بە تەنزەوە وەڵامی ترەمپی دایەوە و گوتی: ئاگایان لە هەڵمەتی پشتگیرییەکانیانە بۆ تیکتۆک و دەیانەوێت سوپاسیان بکەن، "بەڵام ئێمە هیچ نیازمان نییە لە ئەمریکا بڕۆین ئێمە هاتووین تاوەکو لێرە بمێنینەوە".
ڤێنیسیا ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان شانازی بەو 1500 کارمەندەی ئەمریکا دەکەن کە لە تیکتۆکدا کار دەکەن و هەروەها شانازیش بەو 10 هەزار هەلی کارە نوێیەش دەکەن کە بڕیارە تیکتۆک لە سێ ساڵی داهاتوودا لەو وڵاتە دابینیان بکات.
ئیدارەی ترەمپ گومانی لە بوارەکانی بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشنی تیکتۆک هەیە و باوەڕی وایە کۆمپانیای بایتدانسی چینی، ئەپڵیکەیشنەکە بۆ مەبەستی سیخوڕیکردن بەکاردەهێنێت.
کۆشکی سپی ئەمریکاش رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ ئامادەکاری دەکات بۆ واژۆکردنی بڕیارێکی فەرمی بۆ ناچارکردنی کۆمپانیای بایتدانس تاوەکو واز لە ئەپڵیکەیشنی تیکتۆک بهێنێت لەژێر سایەی یاسای تایبەت بە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، ئەوەش لەدوای لێکۆڵینەوە و چاوخشاندنی لیژنەی وەبەرهێنانە دەرەکییەکانی ئەمریکا کە سەر بە کۆنگرێسە و چاودێریی ئەو گرێبەستانە دەکات کاریگەری دەکەنە سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا.
لە چەند هەفتەی رابردوودا، چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا نیگەرانی خۆیان لە بەکارهێنانی تیکتۆک لەلایەن چینییەکانەوە بۆ ئەنجامدانی کاری سیخوڕی دەربڕی.
کۆمپانیای بایتدانس ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە. کۆمپانیا چینییەکەی خاوەنی ئەپڵیکەیشنەکە رایگەیاند، "ئێمە دڵنیاین لە سەرکەوتنی دوورمەودای تیکتۆک لە بازاڕەکانی ئەمریکا".
هاوکات، چەند سەرچاوەیەکی میدیایی ئەمریکا باس لەوە دەکەن کە گوایە کۆمپانیای مایکرۆسۆفتی ئەمریکی لەگفتوگۆیەکی نهێنیدایە بۆ کڕینی ئەپڵیکەیشنەکە.
ئەپڵیکەیشنی تیکتۆک لەلایەن کۆمپانیای بایتدانسی چینی لە ساڵی 2016دا داهێنراوە و لەسەر ئاستی جیهان 800 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە و لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەرەنتینکردنی خەڵکی، بەکارهێنەری زیاتری لەسەر ئاستی جیهان بەدەستهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ