تیمی هاوبەشی چاودێریی دارایی هەولێر و بەغدا وردبینی لە داهات و خەرجیی 6 مانگ دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
تیمێکی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان وردبینی لە داهات و خەرجیی 6 مانگی کۆتایی ئەم ساڵ دەکەن. سەرچاوەیەکی بەرپرس رایگەیاند، ئەو هەنگاوە بەگوێرەی یاسای بودجەیە و پەیوەندیدار نییە بە خەرجکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ.
ئەو تیمەی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق نزیکەی هەفتەیەکە لە هەرێمی کوردستانن و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی وردبینین.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو تیمە هاوبەشە سەردانی چەند فەرمانگە و گەنجینەیەک دەکەن کە بە پێویستی دەزانن بۆ وردبینیی داهات و خەرجیی شەش مانگی دووەمی ئەم ساڵ.
بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق، تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی هەردوولا پێویستە سێ مانگ جارێک راپۆرت لەبارەی داهات و خەرجیی هەرێمی کوردستان ئامادە بکەن.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "ئەمجارە هەردوو تیم پێیان باش بووە 6 مانگی کۆتایی ساڵ پێکەوە بکرێت و ئەو هەنگاوە پەیوەندیی نییە بە خەرجکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی هەرێمی کوردستان."
بەگوێرەی یاسای بودجە، ئەو تیمە هاوبەشە راپۆرتی خۆی پێشکێش بە لایەنی پەیوەندیدار دەکات لە عێراق، لەوانەش وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
سەرچاوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، "پێشبینی دەکرێت تیمەکەی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق تاوەکو ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە."
بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، هەرێمی کوردستان مانگانە 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەکات لە بەرامبەر ناردنی مووچە.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراقیش پاڵپشتیکاری کاری ئەو تیمە هاوبەشەیە لە هەرێمی کوردستان. دیوانی چاودێریی دارایی لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق بە تەنیا وردبینی دەکات، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت بە هاوئاهەنگی بێت لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان، بۆئەوەی راپۆرتی کۆتایی ساڵ لەبارەی خەرجی و داهات ئامادە بکرێت."