کاریگەرییەکانی جەنگ لە هەرێمی کوردستان؛ نرخی سەوزە 100% بەرزبووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران بەردەوامە و بەهۆیەوە لە هەرێمی کوردستان نرخی سەوزە 100% بەرزبووەتەوە. هەروەها نرخی بەنزین بەرزبووەتەوە؛ بەهای دینار دابەزیوە و داهاتی دەروازەکان بووەتە نیوە.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، جگە لە هاویشتنی مووشەک و درۆن لەلایەن ئێران و گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی سەر بەو وڵاتە، بە کاریگەریی جەنگ نرخی شتومەک لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە، بەڵام سەرۆکی هاوردە و ناردنکاران دەڵێت: "رێگەی جێگرەوە بۆ هاوردەکردن بەکاردەهێنین و دڵەڕاوکێی ناوێ".
 
نرخی سەوزە 100% بەرز بووەتەوە
 
بەهۆی جەنگەوە ئێران هەناردەی سەوزە و میوەی بۆ دەرەوە راگرتووە. بەرپرسانی عەلوە لە سلێمانی و هەولێر دەڵێن، بەهۆی بڕیارەکەی ئێرانەوە نرخی بەشێکی سەوزە زیاتر لە 100% بەرزبوونەتەوە.
 
سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێران هەناردەی هەموو بەرهەمێکی سەوزە و میوەی راگرتووە و بەهۆیەوە نرخ زۆر بەرز بووەتەوە".
 
بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی نموونەی چەند بەرهەمێکی کشتوکاڵی هێنایەوە بۆ نموونە:
 
- یەک کیلۆ پەتاتە پێش جەنگ بە کۆ 400 دینار، ئێستا 800 دینارە، بە 1250 دینار دەگاتە دەستی هاونیشتمانیان.
- یەک کیلۆ خەیار پێش جەنگ بە کۆ 750 دینار، ئێستا بە 1110دینارە، بە 1750 دینار دەگاتە دەستی هاونیشتمانیان.
- یەک کیلۆ پیاز پێش جەنگ بە کۆ 250 دینار، ئێستا بە 1000 دینارە، بە 1250 - 1500 دینار دەگاتە دەستی هاونیشتمانیان.
 
 
بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی گوتی: "ئەوانەی هەن و نرخیان بەرز بووەتەوە بەرهەمی ئێرانین و ماونەتەوە، ئێستا ئێران هیچ هەناردە ناکات".
 
لەبارەی رێگەی جێگرەوە بۆ داهاتووی هاوردەکردنی سەوزە سەروەر عەلی گوتی: "دەتواندرێت لە تورکیاوە هاوردە بکرێت، بەڵام نرخەکەی گران دەبێت".
 
سەروەر عەلی گوتی، پەتاتەی سنووری گەرمیان لە پێگەیشتندایە و بەگشتی هەرێمی کوردستان بەرەو وەرزی گەرما و پێگەیشتنی بەرهەمی نێوخۆ دەچێت، بۆیە پێشبینی ناکرێت نرخ زۆر زیاتر بەرز بێتەوە.
 
رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کیلۆیەک پیاز پێشتر بە کۆ 300 دینار بوو ئێستا بە 800 دینارە، خەیار 600 دینار بوو ئیستا 1100 دینارە، بیبەر 700 دینار بوو ئێستا 1500 دینارە".
 
ئەو نرخانەی رەجەب حاجی عەزیز باسیان دەکات نرخی کۆیە و بۆ هاونیشتمانیان هەر کیلۆیەک نزیکەی 500 دینار دەچێتە سەری. گوتیشی: "هەموو بەرهەمەکان ئێرانین کە نرخیان بەرزبووەتەوە، چونکە ئێستا هاوردە ناکرێن".
 
نرخی بەنزین بەرز بووەوە
 
هەر بە کاریگەرییەکانی جەنگ لە ناوچەکە، نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بەرزتر بووەوە و لیتری نزیکەی 50 دیناری چووەتەسەر.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، ئەمڕۆ نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵی کواڵیتی بەرز لە هەولێر بەگوێرەی بەنزینخانەکان لە 850 بۆ 900 دینارە، لە سلێمانی لیترێکی بە 925 دینارە.
 
پێش جەنگ، لیتری هەمان جۆری بەنزین لە هەولێر 800 بۆ 825 دینار و لە سلێمانی 875 دینار بوو.
 
فازڵ عومەر، قایمقامی سلێمانی بە وەکالەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئاگاداری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینین، کە هۆکار جەنگە لە ناوچەکە و بەنزینیش لە سەرچاوەکەیەوە بەرز بووەتەوە".
 
جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەنزینی بازرگانی کەمێک بەرزبووەتەوە، بەڵام کاریگەریی نابێ، چونکە بەنزینی حکومەتی زۆر دابەش دەکرێت و خەڵک دەتوانێت بازرگانی نەکڕێت".
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر گوتی: "ئەمڕۆ لە 47 بەنزینخانەی هەولێر بەنزین دابەش دەکرێ لیتری بە 750 دینار و کواڵیتی بەرزە و قەرەباڵخیش نەماوە لە بەنزینخانەکان".
 
بەهای دینار دابەزیوە
 
زۆرینەی پێداویستی بەکاربردن لە هەرێمی کوردستان لە دەرەوەیە و بە دۆلار هاوردە دەکرێت، بەراورد بە پێش جەنگ، بەهای دینار دابەزیوە و ئەوەش کاریگەریی لەسەر نرخی شتومەک دەبێ لە بازاڕەکاندا.
 
حاجی سابیر باواجی، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێ تاوەکو داخستنی بازاڕ 100 دۆلار بە 156 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرا".

 

پێش جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا دژی ئێران، بەهای دینار بەرزتربوو بەراورد بە ئێستا، ئەوکات 100 دۆلار لەنێوان 152 بۆ 153 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرا.
 
ئاڵوگۆڕی بازرگانی کەمیکردووە
 
بەهۆی جەنگەکەوە، ماوەی پێنج رۆژە زۆرینەی دەروازەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران داخراون. 
 
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێش جەنگ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەرێمی کوردستان و ئێران، رۆژانە زیاتر بووە لە 10 ملیۆن دۆلار، ئێستاوەبەهۆی داخستنی دەروازەکانەوە دابەزیوە بۆ نیوە.
 
بە کەمبوونەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەکان، راستەوخۆ داهاتی گومرگیی دەروازەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران بۆ نیوە کەم دەکات.
 
بە گوتەی مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، ئێستا رۆژانە 500 بارهەڵگر شتومەک لە رێگەی دەرەوازەی باشماخەوە لە پارێزگای سلێمانی هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
 
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان گوتی: "هیچ پێویست ناکات خەڵک بترسێ و لە دڵەڕاوکێدا بێ، چونکە کەمترین خۆراک و پێداویستی لە ئێرانەوە هاوردەکراوە و ئەوی دیکەی وڵاتانی دیکە بووە و ئێستاش هاوردەکردن لە رێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە بەردەوامە".
 
دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لە پارێزگای دهۆک، هەرێمی کوردستان و تورکیا پێکەوە دەبەستێتەوە. مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان گوتی: "ئێستا لە ئیبراهیم خەلیل و باشماخەوە هێندە هاوردە زیادیکردووە قەرەبووی داخرانی دەروازەکانی دیکەی ئێران بکاتەوە".