سوودانی و تەیف سامی سکاڵا لەسەر مووچەی خانەنشینیی بەڕێوەبەرانی گشتی تۆمار دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی عێراق بە جیا لە دادگەی باڵای فیدراڵی، سکاڵا لەسەر بڕگەیەکی یاسای خانەنشینی تۆمار دەکەن کە تایبەتە بە دیاریکردنی 80%ى مووچەی بەڕێوەبەرانی گشتی.
 
یەکەم دانیشتنی دادگە لەبارەی ئەو سکاڵایانە ئەمڕۆ دووشەممە 6ی نیسانی 2026 ئەنجام دەدرێت، کە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و تەیف سامی، وەزیری دارایی بەجیا لەسەر سەرۆکی پەرلەمان تۆماریان کردووە و تێیدا داوا دەکەن کە بڕگەی 8 لە مادەی 35ی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق بە نادەستووری بناسێنرێ، کە لە ساڵی 2014 پەرلەمان دەری کردووە.
 
بەگوێرەی ئەو بڕگەیەی یاساکە، بەڕێوەبەرانی گشتی لە سەرجەم فەرمانگەکانی دەوڵەت شایستەی ئەوەن کە مووچەی خانەنشینی وەربگرن، بەو مەرجەى 80%ى تێکڕای دوایین مووچە و دەرماڵەکانیان تێپەڕ نەکات.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی لیژنەی دارایی خولی پێشووی پەرلەمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو سکاڵایە لەسەر ئەو بنەمایەیە کە پەرلەمان لەو هەموارەدا دەسەڵاتی وەزارەتی دارایی و حکومەتی تێپەڕاندووە. ئەگەر دادگەی باڵای فیدراڵی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بدات، ئەوانە سوودمەند دەبن کە دەیانەوێ بڕی مووچەی خانەنشینیی بەڕێوەبەرانی گشتی وەک ئەوانی دیکە بێت. لە هەمان کاتیشدا دەسەڵاتەکە بۆ وەزارەتی دارایی و حکومەت دەگەڕێتەوە. هەروەها زیانی بۆ ئەو بەڕێوەبەرە گشتییانە دەبێت کە یاساکە گرتوونیەتەوە و  ئەگەر سکاڵاکە رەتبکرێتەوە، کۆتایی بە هەوڵی حکومەت دەهێنێت بۆ راستکردنەوەی ئەو پرسە."
 
بەگوێرەی بڕیاری ژمارە 323ی دادگەی باڵای فیدراڵی کە لەسەر سکاڵایەکی تەیف سامی بووە، لە 13ی تشرینی دووەمی ئەو ساڵەوە ئەو بڕگەیەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو بە نادەستووری هەژمار کراوە، بەڵام ئەو بڕیارە وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە.
 
نەبیل مەرسوومی، پسپۆڕی ئابووری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "خانەنشینیی بەڕێوەبەرانی گشتی قورساییەکی زۆری لەسەر شانی دەوڵەت و باری دارایی دروست کردووە، بەوپێیەی لە نزیکەی سێ ملیۆن خانەنشینی عێراق، بەشێکی زۆریان بەڕێوەبەرانی گشتین."