بەڕێوەبەرایەتیی گشتی بازرگانی: برنج و رۆن گران بوون و بە دابەشكردنی بەشە خۆراك نرخیان دادەبەزێ
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان دەڵێ، ئەوەی لە بازاڕدا گران بووە زیاتر برنج و رۆنی شلە، ئەوەش بە دابەشكردنی بەشی دووەمی بەشەخۆراكی مانگانە نرخەكەی دادەبەزێتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، بەهۆی گرانفرۆشی و سەرپێچیی جۆراوجۆرەوە 25 شوێنیان داخستووە.
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نرخی مادە خۆراکییەکان گۆڕانكارییەكی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە و تەنیا نرخی برنج و رۆنی شل كەمێك بەرز بووەتەوە، ئەویش "بە دابەشكردنی بەشی دووەمی بەشە خۆراكی مانگانە، كە ئێستا دەستمان بە دابەشكردنی كردووە، نرخیان دادەبەزێتەوە."
ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە گوتیشی، لەپێناو گران نەبوونی نان و سەموون دەست كراوە بە دابەشكردنی بەشی دووەمی ئاردی بەشە خۆراكی مانگانە، "داوا لە خەڵكی دەكەم ئەو ئاردەی وەری دەگرن خۆیان بیكەنە نان، بەڵكو گوشاری سەر نانەواخانە و سەموون و فڕنەكان كەم ببێتەوە."
سەبارەت بە سزادانی ئەو فرۆشیارانەش كە سەرپێچی و گرانفرۆشییان كردووە، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان ئەوەی خستەڕوو، لە چەند مانگێكدا 25 شوێنیان داخستووە، 90 ملیۆن دینار سزای دارایی سەرپێچیكارانیان كردووە و 80 تۆن خۆراكی ماوەبەسەرچوویان لەنێوبردووە.
بەشە خۆراكی مانگانە لە ساڵێكدا 8 جار دابەش دەكرێ و لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 5 ملیۆن كەس لێی سوودمەند دەبن.
نرخی برجن و رۆنی شل پێش جەنگ و ئێستا:
جۆرێک برنجی 9 کگم پێش دەستپێکردنی جەنگ بە 14 هەزار دینار بوو و ئێستا بووەتە 17،250 دینار
جۆرێکی دیکە برنجی 9 کگم پێشتر بە 14،500 دینار بوو و ئێستا بووەتە 17،250 دینار
پێش جەنگ 1 لیتر لە جۆرێکی رۆنی شل بە 2،750 دینار بوو و ئێستا بووەتە 3،250 دینار
1 لیتر لە جۆرێکی دیکەی رۆن پێشتر بە 2،500 دینار بوو و ئێستا بووەتە 3 هەزار دینار